لەژووری بازرگانی تەنها عەرەب رۆژی ئاڵایان بەرز ڕاگرت!

کارزان کۆیی |
من بێگومانم لەوەی گەر هەمو ڕۆژێ لەبری جارێ هەزار جار ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگرین وە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە بپۆشین ئەرزشی مستێ لەخۆڵی بەر پێی ئەو پێشمەرگەیەمان نیە کە لەبەرەکانی جەنگدا جوامێرانە بەخوێنی بەرگری لەم نیشتیمانە دەکات . بەڵام ئەمەش نابێ بمان باتە سەر ئەو دوڕیانەی کە خەم سارد بین لەبەرز ڕاگرتنی یادی رۆژی ئاڵا . رۆژی ئاڵا رۆژی بوژاندنەوەی ئینتیمای تاکەکانە بۆ نیشتیمان ، ئەم رۆژە سنوری حیزبایەتی وناوچەگەرێتی تێ پەر دەکاتو پێمان دەڵێت ئەم ئاڵایە یە سمبولتان نەک حیزبو گیرفانتان . ئەو ئاڵایە تەنها پارچەیەک پەڕۆنیە ، ئەوە سەروەتو سامانو بەرهەمی خوێنی شەهیدانە ئەوە تاقانەکەی کۆماری مەهاباتمانە ، نیشانەی سەربەرزیو سەروەریو خەباتی نەپساومانە بەرامبەر دوژمنان . بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆژە ئەرکێکی نیشتیمانیەو ڕێز گرتنە لەبەهای خوێنی شەهیدان . ئاڵا یەکێکە لەبنەما سەرەکیەکانی دروست بونی دەوڵەت . ئاڵای کوردوستان ڕەمزێکی مەزنو بنەڕەتی نەتەوەی کوردە وە کوردیش مافی خۆیەتی وەک هێماو سمبولی نەتەوەیی شانازی پێوە بکا . دوژمنانی ئەم هەرێمە بەتایبەت هاوسێکانمان بەچاوێکی پڕ لە نیگەرانیەوە دەڕواننە ئەو ئاڵایەو بە ڕەمزی نەتەوەی کورد پێناسەی دەکەن وەوەک هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی خۆیان لێکدانەوەی بۆ دەکەن بەمەترسی دەزانن . ئەمە بۆ چونی دوژمنانمانە . بەڵام هێندێک لە دەزگاکانی خۆمان گرنگی بەو ئاڵا پیرۆزە نادەن کە گرنگی نەدانە بەبەها پیرۆزەکانی ئەم نیشتیمانە وە ڕێز نەگرتنە لەبەرهەمی خوێنی شەهیدان و هێماو پێناسەی نیشتیمان ئیدی چۆن دەتوانین بڵێین ئێمە خزمەتی ئەم نیشتیمانە دەکەین
من وەک خودی خۆم لەبەرئەوەی نەتەوەیانە بیر دەکەمەوە وە وەنەتەوەیانەش دەڕوانمە ڕوداوەکان هەمو ڕۆژێک لای من ڕۆژی ئاڵاو پێشمەرگەیە . بەڵام ئەوەی سەرسامی کردم وە دور نیە ئێوەش توشی شۆک بکات .لەو ڕۆژە پیرۆزەدا سەردانی ژورری بازرگانی وپیشەسازی سلێمانیم کرد ئەوەی ئاماژەبێت بەبەرز ڕاگرتنی ئەو رۆژە پیرۆزە بەدیم نەکرد نە لەسیمای باڵەخاو نەو نە لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو ژورەدا . نەسەرۆک و نەجێگرو نەئەندامان و نەیەکێ لە فەرمان بەرانم نەبینی بەرگی کوردی پۆشیبێ یا تەنانەت ئاڵای کوردوستانی بەسینەوە نابێ . تەنها دو شوفێرو سێ عەرەب نەبێ کە یەکێ لەعەرەبەکان خانمێک بوو بەرگی کوردیان پۆشی بوو . وە ئەو یادەیان لە ژووری بازرگانی سلێمانی پیرۆز ڕاگرت . لەو ڕۆژەدا چەند بەزەیم بەو ئاڵا بێ نازەدا هاتەوە دوو هێندە بە زەیم بە کاکە حەسەنی عەرەبا دەهاتەوە کەبەرگێکی کوردی نیو قۆڵی پەیدا کردبو بەو سەرمایە بۆ ڕێز لێنان لەو ئاڵایە ئەو رۆژە پۆشی بوی وەهەڵ دەلەرزی لەسەرما ، ئای زەمانە کێ خوێن ئەدا بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ئاڵایەو کێ لەژێریا دەحەسێتەوە ، اللبیب یفهمە الاشارە.

Print Friendly, PDF & Email

کۆمێنت بنوسە

نوسینی کۆمێنت

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *