تیلەرسۆن دەگۆڕدرێت و مایک پۆمپیۆ دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا

بە گوێرەی هەواڵیکی تایمی ئەمریکی، کۆشکی سپی پلانی هەیە گۆڕانکاری لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا بکات. تایم ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترمپ گۆڕینی رێکس تیلەرسۆنی پێشنیاز کردووە، لە شوێنی ئەویش بڕیارە سەرۆکی (سی ئای ئەی) هەوڵگری ناوەندی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ دامەزرێنێ، ئەم هەواڵەش لە لایەن دوو کاربەدەستی کۆشکی سپی بۆ راگەیاندنەکان دزەی پێکراوە.

شایانی باسە ماوەیەکە کێشە کەوتۆتە نێوان ترمپ و تیلەرسۆن، هەندێ جاریش بەکارهێنانی وشەی زبری تێکەوتووە کە بەهۆیەوە داوای لێبوردنیان لە یەکتر کرووە.

گۆڕانکاری لەو پۆستە گرنگە لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ رایەڵەی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا کە تا ئێستا جێپەسندی ترمپ نەبووە، بە تایبەتیش سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر کۆریای باکورو کشانی هەژمونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کێشەی سەرەکی لە نێوان ترمپ و تیلەرسۆن، بە پێی هەندێ سەرچاوە، بۆ تێکچەقینی بۆچوون و ئاراستە جیاوازەکانیان دەگەڕێتەوە کە هەردووکیان بە چاوێکی بازرگانی هەڵسوکەوت لەگەڵ کێشەو پرسەکان دەکەن، چونکە هەردووکیان بەر لەوەی پۆستی فەرمی لە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەربگرن، لە رووی بازرگانییەوە، بە تایبەتیش بازرگانی نەوت، رۆڵیکی سەرەکیان گێڕاوە، بە تایبەتیش تیلەرسۆن کە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای زەبەلاحی ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی بووە، تەنانەت گرێبەستیشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بواری نەوت واژۆ کردووە.

گۆڕینی تیلەرسۆن بەپێی هەندێ سەرچاوەی کوردستانیش، هەناسەیەک دەداتەوە بەر هەرێمی کوردستان، چونکە بەشێک لەو داگیرکارییەی بەسەر ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان هاتەوە دەخرێتە ئەستۆ تیلەرسۆن کە هەنگاوی خاوی ناوەو ریفراندۆمی بە هەند وەرنەگرتووە، ئاکامی ریفراندۆمیش بووە هۆی ژێرخستنی یەکێک لە هاوپەیمانە بەهێزەکانی ئەمریکا بە قازانجی زاڵبوونی هەرژموونی ئێرانی و کشانی هێڵەکانی هیلالی شیعی بۆ سەر دەریای ناوەڕاست و لوبنان.

 

Print Friendly, PDF & Email

هاوڕێمان بە