موچەی خانەنشین‌و کەسوکاری شەهیدان دواخرا

سەرچاوە ئاگادارەکانی وەزارەتی دارایی ئاشکرایان کرد کە حکومەتی هەرێم ناتوانێ پێش هاتنی جەژنی رەمەزان موچەی خانەنشینان دابین بکات. ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە کە موچەی کەسوکاری شەهیدان‌و خانەنشینانی سەربازی‌و مەدەنی دەکەوێتە دوای جەژن.

هۆکاری دابەشنەکردنی موچەی خانەنشین‌و کەسوکاری شەهیدان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕێکی زۆر پارەی پێویستە، ئەو پارەیەش لە کاتی ئێستادا لە بانکەکانی هەرێم لەبەر دەستدا نییە.

لە لایەکی تریشەوە، نیشان پرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاری دەستکەوتووە کە خانەنشینە پلە باڵاکان، بە تایبەتیش ئەوانەی پێشمەرگەی شاخ بوون‌و بە پلەی سەربازی خانەنشین کراون، لە هەوڵی ئەوەدان بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن ئەو وەزارەتە تایبەت بەوانە نەک وەزارەتی دارایی.

هەر لەمبارەیەشەوە پێشمەرگە دێرینەکان چەند جارێک هەڕەشەیان لە حکومەت کردووەو هۆشداریان داوە لە ئەگەر بەردەوامبوونی دواکەوتنی موچەکانیان، باسیشیان لەوە کردووە کە ئەوان بەرپرس نین لە گەندەڵی‌و دیارنەمانی پارەی حکومەتهو نابێ ئەوان لەجیاتی گەندەڵکاران بە دواخستنی موچەکانیان سزا بدرێن.

 

Print Friendly