نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی سەرۆک کۆمار دەکەن

بەپێی هەوڵێک کە لە پێگەی فەرمی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٧/١١/٢٩، سەرۆک کۆمار د.فوئاد مەعسوم لە شوێنی مانەوەی لە هەولێر پێشوازیکرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت.

لە دیدارەکەدا هەوڵەکانی پەیوەست بە چارەسەرکردنی ناکۆکیی و مەسەلە هەڵپەسێراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشهاتە سیاسییەکانی هەردو ئاستی کوردستانیی و نیشتمانیی تاوتوێکرا.

بەپێی زانیارییەکان باس لە رێکارەکانی دەست پێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا کراوە، هەروەک باس لە دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ کراوەو جەخت کراوەتەوە سەر دەستەبەرکردنی رێژەی ١٧٪ی هەرێمی کوردستان لەبری رێژەی ١٢٪ کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی بەغدا دەستنیشان کرابوو.

لەو دیدارەدا، فئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عیراق پوختەیەک لە سەردان و دیدارە سیاسییە مەیدانییەکانی بۆ کوردستان باس کردووە بە تایبەت شاری کەرکوک و رێکارەکانی ئاساییکردنەوەی ئەو بارودۆخەی بەسەر شارەکەدا هاتووە لە ئەنجامی پەلامار سەربازی هێزەکانی عیراق و حەشدی شەعبی و داگیرکردنی ناوچە کوردستانیەکانی ماددەی ١٤٠.

Print Friendly, PDF & Email

هاوڕێمان بە