شێوەیەکی تر لە خەبات

کاتێک کارەساتێک بەسەر وڵاتێکدا دێت،وەك ئێستا بەسەر وڵاتەکەماندا هاتووە، سەرانی وڵات پێش هەموو شتێك بیر لەوە دەکەنەوە چۆن تێی پەڕێنن و چی بکەن. ئێستا ئێمە وەک تەزبیحی بەزیو هەر دەنکەمان بۆ لایەک پەرش و بڵاوبۆتەوە، دەستێکی میهرەبانمان دەوێت بۆ ئەوەی دەنکەکانمان کۆ کاتەوە. ئەوا نزیکەی چوار سەدەیە کورد خەریکی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیەتی، تائەورۆژەی ئەو نوسینەی تێدا دەنوسرێت، هیچمان بەهیچ نەکردووە. جگە لەماڵوێرانی و بەهەدەردانی وزەو توانای خەڵک و نیشتمانەکەمان، دەیانجار ماڵمان سوتاو دروستمان کردەوە، دەیانجار دەربەدەر بووین و هاتینەوە، سەدان هەزار شەهید و دەیان شەڕ و هەڵاتن و دوبارە گەڕانەوە…..تد. باشە بۆ جارێک لەخۆمان نەپرسین ناکرێت بەشێوەیەکی تر بیر بکەینەوە و شێوەی خەباتمان بگۆڕین؟ ئێستا کاتی ئەوە نییە واز لەو خەونە بێنین و لەپاش سەدان ساڵ بەسەر ئەو خەونە نەزۆکەدا نەمانتوانی بەشێکی کەمیش لەو خەونە بێنینە دی؟

هەر با لەمێژووی نزیک سەیر بکەین لەدوای بیست و شەش ساڵ حوکمداری خۆیی، وەک مار و پەیژەکە هاتینەوە خاڵی سفر، ئێستا دەبێ دوبارە دەست پێ بکەینەوە و تێهەڵچینەوە. لەماوەی ئەو حوکمرانیە خۆییە زۆر گۆڕانکاری لەدوانیای دەرەوە ڕوویدا و ئێمە نەک نەمانتوانی لەگەڵی بڕۆین بەڵکو زۆریش بەجێماین. لەدوای ئەو حوکمرانییە خۆییەی لەباشوری کوردستان هەیە ئەگەر هیچمان نەکردبێت نەوەیەکمان دروست کرد کە هەستی نەتەوایەتی زۆر کەمترە لەو جیلەی ئێمەو پێش ئێمەش، بەڕاستی ئەو جیلە وەک ئێمە بیر ناکاتەوە. ئەوان دەیانەوێت بەشێک بن لە گلۆبالیزمی جیهانی ددان بە عەقلیەتی شاخی ئێمەدا نانێن، هەرچەند هەوڵی لەگەڵ بدەین و بۆی باس بکەین، ناتوانێت لەگەڵ واقیعی دونیای ئەمڕۆ یەکانەی بکاتەوە. ئەو دەیەوێت وەک گەنجێکی وڵاتێکی پێشکەوتوو هەڵسوکەوت بکات، دەیەوێت وەک ئەوان بپۆشێت وەک ئەوان خەریکی رابواردن و ژیان بێت، هەرچەند پێش بەو بەرەوپێش چوونەی مێژوو بگرین، ناتوانین ڕایبگرین سەرەنجام ئێمەشی لەگەڵ دەهاڕێت.

ئەو نەوەی ئێستا هیچیتر بە بزواندنی هەستی نەتەوایەتی و خت ختەی بیری ناسیۆنالیزم تەفرە ناخوات، کە ئەوە گەورەترین چەکی دەستی سیاسیەکانی چەند سەدەی رابردووی بزاوتی کوردایەتی بووە. لەبەر ئەوەی هەموو تەجروبەکان ئەوەی سەلماند کۆمەڵێک حاکم بەدەستی موستەبید و ناعادل هاتنە سەر حوکم و ئەوەی ناویان نابوو سەربەخۆیی و ئازادی و عەدالەت، لە فەرهەنگی ئەوان نەبووە. من ناڵێم ئەو بیرەی نەتەوایەتی و دروست کردنی کیانێکی کوردی یان خەونی سەربەخۆییمان هەڵە بوو، بەڵام دەبێت ددان بەو ڕاستیە دابنێن کە نەمانتوانی بیگەینینە ئەنجام. سەرەنجام خۆمان و منداڵەکانیشمان توشی دەردەسەری و دواکەوتن کرد.

ئێمە خۆشمان گەیشتووینە ئەو قەناعەتە کە ئەوەی ئێمە کردمان سەرنجامەکەی سوڕانەوە بووە لەناو بازنەیەکی داخراو، بەڵام ددانی پێدا نانێین. ئێمە منداڵەکانمان دەنێرین بۆ ئەو خوێندنگایانەی بە زمانی ئینگلیزی وانە دەڵێنەوە، لەبەر ئەوەی دوارۆژی زامنترە، حەز دەکەین منداڵەکانمان بنێرین بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و پێشکەوتوو تاکو خوێندن تەواو بکەن. کاتێ کەهاتنەوە ( کە زۆریان نایەنەوە) زانیاری رۆژئاوایان پێ بێت.کەواتە ئێمەش بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ ئەو گلۆبالیزمەداین بەڵام بە بیرکردنەوەی خۆمان.

کاتێک ژاپۆن و ئەڵمانیا لەشەڕی جیهانی دووەم شکان، وازیان لەچەک هێنا یان وازیان پێ هێنان، بەڵام هەموو تواناکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی پیشەسازی و تەکنۆلۆجی بەکار هێنا، کە ئێستا ئەو دوو وڵاتە گەوترەترین ئابوری جهیهانیان بەدەستەوەیەوە و میللەتەکانیان بەوپەڕی سەربەرزی و شکۆوە دەژین، ئێستا دونیا چاوی لەدەستی ئەوانە. وا باشترە لەو راستیە بگەین کە دەوڵەتی نەتەوەیی بەهۆی گلۆبالیزمەوە بۆتە خەونێکی دوور، بەتایبەتی بۆ میللەتێکی بێ کەسی وەک ئێمە، ئەگەر بیر کردنەوەمان نەگۆڕین و نەتوانین ئابوریەکی بەهێزی چەسپاو بەرقەرار بکەین، وەک کورد ئیسپاتی وجودی خۆمان لە رێگای پەرەپێدانی تەکنۆلۆجی دروستکردنی ژێرخانی پتەوی ئابوری نەکەین، ناتوانین بگەینە ژیانێکی ئاسودە کە خۆمان و منداڵەکانمان لە بەرهەمی بحەسێنەوە. بۆ ئەوەی ئەو هەنگاوەش بنێنن تەنیا پێویستمان بە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەرقەرار بوونی یاساو ئازادی بیروڕا دەبیت، جگە لە ئیرادەی پۆڵاین بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم بهاوێژین. هەرچەند دەزانم لەوانەیە بەرهەڵستکاری ئەو نوسینە کەم نەبن، بەتایبەتی بازرگانانی کوردایەتی. بەڵام ئەوە چاکترین بژاردەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جیاواز بیر بکەینەوە و لەو میحنەتە رزگارمان بێت. ئەگەر باس لەئالیەت و شێوازی جێبەجێ کردنی بکەینەوە، دەیان رێگاو جۆری هەیە، دەتوانرێت دراسە بکرێت. ئەوەی گرنگەو لەو رێگایە هێلی سور بێت، سازش نەکردنە لەسەر کورد بونمان، باوەڕ بوونمانە بە بەها مرۆیەکانمان کە کورد بوون ناسنامەی گەلێکە لە نیشتمانی کوردستان. ئەگەر هەنگاوی یەکەم بهاوێژین دەبێت لە پەروەردەوە دەست پێ بکەین، هیچ نەبێت بۆ بیست و شەش ساڵی داهاتوو دەتوانین نەوەیەک دروست بکەین بیر کردنەوەی لەگەڵ شەڕو شۆر جیا بیت لەگەڵ ئێمە.

Print Friendly, PDF & Email