کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی ١٠٤ پێشمەرگەی دێرینی دانەبڕاو بێ موچە دەکات

کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینە دانەبڕاوەکانی یەکێتی کە وەستا فاروق سەرپەرشتی دەکات ناوی ١٠٤ پێشمەرگەی دێرینی دانەبڕاو لە لیستی موچەی مانگانە دەردێنێ.

بەپێی زانیارییەکانی نیشان پرێس، ماوەی دوو مانگە کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لیستی موچە خانەشینانی خۆی خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام لە کاتی پێشکەشکردنی لیستەکە ناوی ١٠٤ پێشمەرگەی دێرینی دانەبڕاوی دەرهێناوە. سەرچاوەیەکیش بە نیشان پرێسی راگەیاند کە وەستا فاروق لێپرسراوی ئەو کۆمەڵەیە ئەو ناوانەی لە لیستی گشتی دەرهێناوە بە بیانوی ئەوەی ئەوانە پێشمەرگەی لایەنەکانی تر بوونەو هاتوونەتە ناو یەکێتی.

دوای بە دواداچوونێکی وردی نیشان پرێس، دەرکەوت ئەو پێشمەرگانە دانەبڕاون و هەر لەسەرەتاوە یەکێتی بوونە، بەڵام بەهۆی هەندێ رێکاری پڕکردنەوەی فۆڕمەکانەوە ناوەکانیان پەڕێندراوە، بەڵام لە لایەکی تریشەوە زانیارییەکان ئاماژە بۆ باڵباڵینی ناو یەکێتی دەکەن و دەرهێنانی ئەو ناوانەش وەک سزایەک دەخوێندرێتەوە بەرامبەر بەو پێشمەرگە دانەبڕاوانە.

نیشان پرێس لە بەدواداچوونی خۆی گەیشتە هەندێ زانیاری کە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە نوسراوێکی دیکەی بە ناوی هاوپێچی ١٠٤ پێشمەرگە ئاراستەی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش وەک هاوسەنگەرانیان تەماشا بکرێن و مانگانە موچەکانیان بۆ خەرج بکرێ.

هەر لەمبارەیە، زانیاری دەستکەوتووە کە ئەم نوسراوە تا ئێستا لە نێوان جەبار یاوەرو نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت ونە و کەس نازانێ لە کوێ گیری خواردوو، ئەوە لە کاتێکدا وەستا فاروق لەو هەڵەیە خۆی بەرپرسیار دەزانێ و بڕیاری داوە خۆی چارەسەری گرفتە بکات و ئەو مافە بۆ پێشمەرگە دێرینەکان بگێڕێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرەتا ئەو پێشمەرگانە بە ناوی موتەفەریقە خرابوونە ڕوو، ئێستا کارەکەیان ئەستەم بووە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی نیشان پرێس، ژمارەیەک لەم پێشمەرگانەی مافەکانیان فەوتاوە سکاڵانامەیەکیان ئاراستەی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی مافەکانیان بۆ بگێڕنەوە.

بەشێک لەو پێشمەرگانە هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەکەن ئەگەر گرفتەکەیان چارەسەر نەبێ، تەنانەت هەندێکیان وەستا فاروق بە هۆکاری ئەو هەڵەیە دەزانن.

شایانی باسە ئەو پۆلە پێشمەرگە دێرینە موچەی خانەنشینیان لەسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەشینی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیەو هەر دوو مانگ جارێک موچەیان پێ دەدرێت، بەڵام ئەوانەی گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکەکانی حەفتا مانگانە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان وەردەگرن.

Print Friendly, PDF & Email

هاوڕێمان بە