ئەرکى هاوڵاتى و ئاسایشى نیشتمانى

هەژار نامیق |
وەک ووتراوە ئەگەر ئاسایش و ئەمان هەبێت ئەوا شتەکانى تر بۆ خۆى تەواو دەبن و یەک لە دواى یەک دێن بەڵام ئەگەر هاتوو ئاسایش و ئۆقرەیى لە هەر شوێنێک نەما ژیان لەو شوێنە زۆر ئەستەم دەبێت .مرۆڤەکان هەمیشە بە دواى شوێنێکى ئارام و بێ کێشە دەگەڕێن تا لەو شوێنەدا ژیان بکەن ،زۆربەى سیاسیەکان هەوڵ ئەدەن تا ژیانێکى ئارام لە ناو کەش و هەوایەکى ئازاد بۆ هاوڵاتیانى خۆیان بخوڵقێنن.
ئەرکى هاوڵاتى لە دروست کردن و بنیات نانى وەها ژینگەیەک گرنگی و تایبەتمەندى خۆى هەیە و هەر تاکێک لە ئاستى خۆیەوە بەرپرسیارە لە دروست کردنى وەها ژینگەیەک یان تێکدانى. ئەگەر هاتوو هاوڵاتیەک شتێکى نامۆى لە بازاڕ و کوچە و کۆڵان یان هەر شوێنێک بینى و چاوپۆشى لێ کرد بە زووترین کات ئەمنیەت و ئاسایش لەو شوێنەدا لە ناو دەچێت ،ئێمە باسى نیشتمانێکى جوان ئەکەین کە دەمانەوێت دروستى بکەین و ئەو نیشتمانەش موڵکى کەسێک و دوو کەس نیە بەڵکو هەر کەسەو بە ئەندازەى خۆى پشکى هەیە لەو نیشتمانەدا ،کوردستان یەکێکە لەو نیشتمانە جوانانەى کەهەمیشە هەوڵى بۆ ئەدەین تا ئاسایش و ئۆقرەیى تێدا بەرپار بکەین و پێکەوە ژیانی تێدا دروست بکەین ، بەڵام زۆر بەداخەوە دەبێت بڵێم زۆرێک لە تاکەکان ئێستا لە ئاستى ئەو ئەرکە نیشتمانیە خۆیان ئەدزنەوە ، دەبینى ماڵێکى کورد لە خانوویەکى کرێ دەردەکرێت لەبەر ئەوەى کرێیەکى کەم دەدات و لەبرى ئەو ماڵێکى عەرەب دەهێنرێتە ناوى تەنها لە پێناو بڕە پارەیەک ، زۆر نمونەى تر دەبینى کە ناکرێت چاوپۆشى لێ بکرێت وەک ئەوەى کەسێک ببێتە کەفیلى کەسێکى تر کە کەس نازانێت لە کوێوە هاتووە و کێ یە و چىیە ؟ بەڵام لەبەرامبەر پارەیەک ڕەمزیدا ئەو کارە دەکرێت !
ڕۆشنبیرى هاوڵاتى لە ئاست پاراستنى نیشتمان و نەتەوە گرنگیەکى تایبەتى خۆى هەیە ئەگەر هاتوو ڕۆشنبیرى تاکەکانى ناو کۆمەڵگا لە ئاستى ئەو بەرپرسیاریەتیە دا نەبوو بە زوویى نیشتمان و نەتەوە ئەکەوێتە بەر هەڕەشەى دوژمنان، ناکرێت هەر کەسێک لە نەتەوە و ئاینى ئێمە نەبوو بە خراپ ناوى ببەین لەبەر ئەوەى زۆر کەس هەیە هاوزمان و هاونیشتمانى خۆمانە بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیە نیشتمان و نەتەوەکەشى بفرۆشێت ، بۆیە بەتەنها پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و سیاسیەکان بەرپرسیار نین لەوەى ژینگەیەکى ئارام دروست بکەن و هاوڵاتیش چاوەڕوانى ئەوە بێت کە تەنها پۆلیس و پێشمەرگەو ئاسایش بیپارێزێت ،ئەوانەش تاکێکى وەک هەر تاکێکى تری کۆمەڵگا بەڵام بە جیاوازى ئەوەى ئەوان بەرپرسیاریەتیەکى گرنگ و گەورەتریان لە ئەستۆدایە بۆیە دەبێت هاوڵاتى ئەرک و مافەکانى خۆیى بە جێ بهێنێت لە پاراستنى نیشتمان ، جا ئەگەر هاتوو کەسێکى کومانلێگراوی بینى لایەنى بەرپرسیار ئاگادار بکاتەوە نەوەک بڵێت ئەمە کێشەى من نیە چون تێکچوونى نیشتمان واتە تێکچوونى خانەوە لانەى خۆت پێش هەموو کەسێک .
ئەگەر ئێمە دەمانەوێت ببینە خاوەن کیان و دەوڵەتى سەربەخۆى خۆمان دەبێت تاک بە تاکى ئەم کوردستان لە ئاست نیشتمانەکەیدا خۆى بە بەرپرسیار بزانێت جا ئەگەر بە لابردنى بەردێکیش بێت لەسەر ڕێگا تا دەکاتە گەورەترین شت ، ناکرێت هاوڵاتى خەمسارد بێت لەئاست هەندێک شت ، کاتێک سوارى سەیارە دەبیت و لە شارێکەوە بۆ شارێکى تر ئەڕۆیت پێویستە ئەگەر هاتوو کەسێکى بیانى لەگەڵ سوار بوو لە بازگەکان بە لایەنى پەیوەندیدار بڵێت و ئاگاداریان بکەیتەوە ئەمە بەو مانایە نایە کە هەرکەسێک لە نەتەوەکەى تۆ نەبوو ئەوا خراپە بەڵکو ئەمە هاوکاریەک بۆ ئەوانەى شەو ڕۆژ ئەخەنە سەر یەک تا ئێمە بە ئاسودەیى پشوو بدەین ، نابێت ئەوەش لە یاد بکەین ئەگەر ئێمە لە ناو خۆماندا یەکپارچە بین هیچ کەسێک ناتوانێت زیانمان پێ بگەیەنێت و شەرەف و ناموس و وڵات و نیشتمانمان لە ناو بەرێت و ئاسایش و ئەمنیەتمان تێکبدات….

Print Friendly, PDF & Email

کۆمێنت بنوسە

نوسینی کۆمێنت

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *