یەکێتی دوا دەرفەت دەداتە بەرهەم ساڵح بۆ گەڕانەوەو هەڵوەشاندنەوەی قەوارەکەی

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ رێکخستنەوەی ناوخۆی حزبەکەیان بەردەوامە، لە دوایین هەوڵێشدا، بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەرهەم ساڵحی کردووە بۆ ئەوەی داوای لێبکات رؤلی خۆی وەک جێگری دووەمی سکرتێری یەكێتی درێژە پێ بدات تا کۆنگرەی داهاتوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە نیشان پرێسی راگەیاند کە خولی یەکەمی گفتوگۆی نێوان بەرهەم ساڵح و بافڵ تاڵەبانی بێ ئەنجامێکی ئەرێنی کۆتاییهاتووەو بڕیاریان داوە درێژە بەو کۆبوونەوە دووقۆڵییانە بدەن تا دەگەنە بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە.

بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئاگادار، مەرجەکانی بەرهەم ساڵح بۆ هەڵوەشانەوەی قەوارەکەی و گەڕانەوە بۆ ناو یەکێتی قورس بوونەو بە ئاسانی ناتواندرێ دەستەبەر بکرێن. مەرجەکانیش وەک سەرچاوە ئاگارادەرکان باسیان کردووە، بریتی بووە لەوەی کە یەکێتی لە قۆناغی داهاتوودا بخرێتە بەر دەستی ناوبراوەوە، هەروەک خۆیشی سەرپشک بکرێ لە هەڵبژاردنی ئەو ستافەی مەکتەبی سیاسی کە کاری لەگەڵ دەکەن.

بەپێ زانیارییەکان، یەکێتی دوا دەرفەتی داوەتە بەرهەم ساڵح بۆ گەڕانەوە، بە پێچەوانەشەوە، یەکێتی ناچار دەبێ نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسند بکات.

زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە یەکێتی مەبەستیەتی بەرهەم ساڵح یەکێک بێت لەو کاراکتەرە سیاسییانەی کە یەکێتی لە ئایندەدا راستدەکەنەوە، بەڵام بەهۆی پێداگیری ناوبراوەوە لەسەر هەندێ پێشمەرج، تا ئێستا بوار نەبووە بگەنە هیچ خاڵێکی هاوبەش.

وەک نیشان پرێس لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاری پێگەیشتووە، یەکێتی ئامادەیە بەرهەم ساڵح بکاتە سەرۆکی لیست و دەستکراوەی دەکات لە هەڵبژاردن و دەستنیشاکردنی ئەو ئەندامانەی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەردوو پەرلەمانەکانی عیراق و کوردستان ئەنجام دەدرێن، بەڵام ناوبراو داوای تەواوی دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتی دەکات، ئەمەش بۆ هەندێکیان بە قورس لێکدەدرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە یەکێتی لەسەر فۆڕمێکی نوێ دابڕێژرێتەوە کە سەرکردایەتی داهاتوویان لەسەر بنچینەی دابەشبوونی جوگرافی بێت و دەستەیەکی باڵای سێ کەسی سەرپەرشتی بکات.

Print Friendly, PDF & Email

هاوڕێمان بە