ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستانیش پشت لە کورد روو لە تورکیا دەکات

سیاسەت و ستراتیژەکانی کۆشکی سپی لە سایەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترپمدا گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە، بەشێوەیەک تەنانەت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و مانەوەی درێژخایەن لەنێو هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکان پشتی لە هاوپەیمان و دۆستە هەرە نزیکەکانی خۆی کردووە.

دوا گۆڕانکاریش نیشاندانی ئامادەسازی ئەمریکایە لە دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ترمپ و ئەردۆگان بۆ راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی پێنتاگۆن بۆ شەڕڤانانی یەپەگەو پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان.

كۆشكی سپی له‌ بەیاننامەیەکدا ڕایگه‌یاندووه‌، دۆناڵد ترمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، دڵنیایی داوە لە گۆڕانکاریکردن لە پرۆسەی پڕچەککردنی هاوبەشەکانی ئەمریکا لە سوریا لە دوای رزگاکردنی رەققە.

بەیاننامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە قۆناغی داهاتوو بریتی ده‌بێت له‌ گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە بێ گەڕانەوە یان سەرهەڵدانەدوەی داعش. كۆشكی سپی ئاشكرایكردووە كه‌ هەردوولا جەختیان لە پێشخستنی پەیوەندییەکانیان و کڕینی چەک لە ئەمریکا کردووەتەوە.

شایانی باسە دوای ئەنجامدانی تەلەفۆنەکەی نێوانیان، ئەرگۆگان رایگەیاند کە گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەگەڵ ترەمپ ئەنجامداوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ دەرهێنانی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا لە هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو لە سوریادا.

له‌ لایەکی ترو لە كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، مه‌ولود چاوشئۆغڵو، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ناوه‌ڕۆكى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ى ئاشكراكرد كه‌ له‌ نێوان دۆناڵد تره‌مپ و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئه‌نجامدرابوو‌. چاوشئۆغڵو باسى له‌ ناردنى چه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ هێزه‌ كوردییه‌كان كرد و وتى “دۆناڵد تره‌مپ به‌ ئه‌ردۆغانى راگه‌یاندووه‌ كه‌ رێنمایی ده‌ركردووه‌ چتر چه‌ك بۆ یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) نه‌نێردرێت و حكومه‌تى توركیا دڵنیاده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێنماییانه‌ جێبه‌جێده‌كرێن”.

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌شى چاوش ئۆغڵو وتى “ئێمه‌ زۆر به‌ گه‌رمى پێشوازى له‌م بۆچوونه‌ ده‌كه‌ین و چاوه‌ڕێین زۆر به‌زووى جێبه‌جێبكرێت”.

لە دیوێکی ترەوە، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەک لەسەر ئەرز لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوا ئاشکرا نەکراوەو نازاندرێ ئاخۆ ئەوان پابەندی ئەو سیاسەت و ستراتیژە نوێیانەی ترمپ دەبن یاخود لە ژێرەوە درێژە بە هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان دەدەن.

جێی بیرهێنانەوەیە کە تاکە هێز تا ئێستا لە لایەن ئەمریکاوە پشتی پێ بەسترا بێت و سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێنابێت بریتییە لە یەپەگە.

Print Friendly, PDF & Email

هاوڕێمان بە