ئەم پڕۆفیسۆرە ئێستا لەگەڵ تیمێکی گەورە پزیشکان و توێژەرەوان لە زانکۆکانی سوێسرا کار دەکات بۆ گەشەپێدانی شێوازێکی زانستی بۆ هاوکاریکردنی خانەکانی بە مەبەستی خۆنوێکردنەوەیان، ئەمەش تاکە رێگایە بۆ خاوکردنەوەی دیاردە پیربوون، یاخود لانیکەم دواختی بۆ ساڵانێکی درەنگتر.

ئێستا لەو نەخۆشخانەیە جۆرەها شێوازی پیادە دەکردێن بۆ دواخستن پیربوون، بێگومانیش هەر حاڵەتێک بەشێوەیەکی جیا پلانی بۆ دادەنرێت و رێگاکانی چارەسەری بۆ دەستنیشان دەکرێن.

مەتەڵی پیربوون

برۆشت پێیوایە کە پیربوون هێشتا مەتەڵێکی چارەسەرنەکراوی زانستە، بەڵام نایشارێتەوە کە هەندێ خەڵک بە شێوەی بۆماوەیی تا ئەندازەیەکی هەندێ بەرگرییان هەیە و درەنگتر پیر دەبن، بەڵام هەندێکیشیان هەر زوو کۆچی دوایی دەکەن تەنانەت بێ ئەوەی دووچاری هیچ نەخۆشیەکی بەساڵداچوونیش ببنەوە.

هەرچەندە ئەم پزیشکە پێیوایە کە ئامادەسازییە بۆماوەییەکان رۆڵێکی سەرەکی دەبینین لە پڕۆسەی پیربووندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێ هۆکاری دیکەی سەرەکی هەن کە دەبنە هاندەرێک بۆ خێراکردنی پیربوون، وەک بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، زیادبوونی کێش، جگەرەکێشان، بەرزبوونەوەی رێژەی کۆلیسترۆل، چونکە ئەم نەخۆشیانە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.

لە لایەکی ترەوە، بڕۆست دەڵێ توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە کە زیادبوونی گوشارو دڵەڕاوکێ دەبنە هۆ گۆڕانی داینامیکیەتی هۆڕمۆنەکانی جەستە، هەر بۆیەشە ئامۆژگاری خەڵک دەکات بۆ گۆڕینی رەوشت و خووەکانی رۆژانە و دوور کەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ.

ژیانێکی تەندروست

بڕۆست پێیوایە کە دەکرێ پێناسەی راگەیەندراوی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ١٩٤٦ جارێکی تر دابڕێژرێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە پیربوونی سەرکەوتوو بریتییە لە دیاردەیەکی تەواوکاری لەشساغی و لەشجوانی لەهەرسێ بواری جەستەیی و عەقڵی و کۆمەڵایەتی.

ئەم پڕۆفیسۆرە پێیوایە کە لەشجوانی و رێکبوونی جەستە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی پێکەوە گرێدەدات، چونکە ئەو پێیوایە کە پیربوونی بەختەوەرانە لەو سێ رەهەندانە سەرچاوە دەگرن.

بڕۆست پێداگیری لەسەر راهێنانی وەرزشی و سیستەمێکی رێکوپێکی خواردن دەکاتەوە کە دوو بنچینەی سەرەکین بۆ پاراستنی تەندروستی و دوورکەوتنەوە لە نەخۆشییەکان و نیشانەکانی پیربوون.

لە پرسیارێکیش کە هەمیشە دووبارە دەبێتەوە ئاخۆ دەتواندرێ پیربوون بوەستێندرێ، بڕۆست پێیوایە کە هیچ کەسێک ناتوانێ بگاتەوە تەمەنی گەنجێتی، بەڵام دەتوانێ پڕۆسەی پیربوونەکەی دوا بخات بەو کردارانەی ئاماژەیان بۆ کرا.

شایانی باسە ناوەندی تەمەن لە سوێسرا نزیکەی ٨٣ ساڵە، بەڵا لە کوردستان تا ئێستاش ناوەندی تەمەن هەر لە نێوان ٦٥-٦٦ ساڵیدایە و لە هەندێ ناوچەی شاخاویش ناوەندی تەمەن نزیکەی ٨٥ ساڵ تێپەڕ دەکات بەشی هەرە زۆری بەساڵداچوانیش خەڵکی دێهاتەکانن، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە سروشتی ژیانیان پاکترەو زیاتر پشت بە بەرهەمە سروشتییەکان دەبەستن و بەردەوام لە جوڵەدان کە شوێنی وەرزش دەگرێتەوە.