دواجار عێراق بۆ كێ ده‌بێت؟

نەوزاد خاڵۆبازیانی |

عێراق ئه‌و ووڵاته‌ی كه‌ به‌پیتی خاكه‌كه‌ی و سامانه‌ ژێر زه‌مینیه‌كه‌ی بووه‌ به‌ قوڕاوی نه‌گبه‌تی و كراوه‌ به‌سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌یدا هه‌ر له‌ به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه‌ بووه‌ته‌ جێگای چاو تێ بڕینی داگیر كه‌ره‌ ده‌ره‌كییه‌كان و ده‌یان كاره‌سات و نه‌هامه‌تی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا هێناوه‌ .. سۆمه‌رییه‌كان و ئه‌كه‌دییه‌كان كه‌ ئێستا عه‌ره‌ب شانازییان پێوه‌ ده‌كات و به‌ باوانی خۆیانی وه‌سف ده‌كه‌ن یه‌كێكن له‌و داگیر كه‌رانه‌و چه‌ندین سه‌ده‌ فه‌رمان ڕه‌واییان له‌م ووڵاته‌دا كردووه‌و ..ئاشوری و بابلی و چه‌ندینی دیكه‌ش هاتوون و سه‌روه‌ت و سامانی عێراق و ره‌نجی خه‌ڵكیان داگێر كردووه‌ و ئه‌و شارستانییه‌یان لێ دروست كردووه‌ كه‌ له‌پێش هه‌زاران ساڵه‌وه‌ تا ئێستا ئاسه‌واره‌كانیان هه‌رماوه‌ ..(فارسه‌كان) یش كه‌ هه‌میشه‌ عێراقیان به‌ به‌شێك له‌ ووڵاتی خۆیان زانیوه‌ به‌به‌رده‌وامی له‌ جه‌نگ و مل ملانێدابوونه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ عێراقیان داگیر كردووه‌ یاخود ئه‌یانه‌وێت داگیری بكه‌ن له‌و هه‌وڵه‌شیاندا زۆر جار سه‌ركه‌وتوو بوون و سه‌دان ساڵ حوكمی به‌شێكی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌. ئیسلامیش كه‌ به‌ ناوی فتوحاته‌وه‌ خۆی كرد به‌ عێراقدا توشی شه‌ڕی زۆر گه‌وره‌ بووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فارس و پاشماوه‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ دێرینه‌كانی دیكه‌ چونكه‌ ئه‌مان له‌لایه‌ك نه‌یانده‌ویست ته‌سلیم به‌ ئایدیای ئیسلامی بن و له‌ لایه‌كی دیكه‌ ئه‌وه‌یان باش ده‌زانی كه‌ ئیسلام ئه‌وه‌ی به‌ دڵی نه‌بێ له‌ شارستانییه‌كه‌ی ئه‌ماندا له‌ناوی ده‌بات و ئه‌وه‌شی به‌دڵی بێت بۆ گه‌شه‌ پێدانی ده‌وڵه‌ت و شارستانییه‌كه‌ی خۆی به‌كاری دێنێ..
ئه‌سڵی ووشه‌و ناوی(عێراق)یش قسه‌و باسی زۆری له‌سه‌ره‌ كه‌ كێ یه‌كه‌م جار ئه‌م ناوه‌ی به‌كار هێناوه‌و مانای چی یه‌؟؟ بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ ووشه‌ی (ئۆراك)ه‌وه‌ هاتبێ و سۆمه‌رییه‌كان بۆ خاكی به‌پیت و شوێنی ئاوه‌دانی ناویان لێ ناوه‌ ..رایه‌كی دیكه‌ ده‌ڵی له‌ (عرق) واته‌ رووباره‌وه‌ هاتووه‌ .. فارسه‌كانیش ده‌ڵین ئه‌سڵی ووشه‌ی عێراق لای ئه‌وانه‌وه‌ هاتووه‌ ، هه‌ر وه‌كو (باغ داد )كه‌دواتر عه‌ره‌بێندراو كرایه‌ بغداد ..هه‌یشه‌ ده‌ڵێ له‌ ووشه‌ی (عراك)ه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ واتای شه‌ركه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت له‌ عه‌ره‌بیدا .. هه‌ركامێك له‌وانه‌ راست بێت له‌ كۆتاییدا یه‌ك مانا ده‌به‌خشن ئه‌ویش ئه‌م عێراقه‌یه‌ كه‌له‌ پێناو خاك و ئاو وسامانه‌كه‌یدا ده‌بێت شه‌ڕی له‌سه‌ر بكرێت و هه‌موو ڕۆژێك خه‌ڵكی له‌سه‌ر بكوژرێت ..شه‌ری عه‌باسییه‌كان و جه‌نگیزخان و دوایی عوسمانی و ئینگلیزو حوكمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هیچیان جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تی مشتێك خێریان بۆ خه‌ڵكی ئه‌م وولاته‌ نه‌هێنا هه‌ر بۆیه‌ش هه‌تا گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌و به‌تایبه‌تیش نه‌ته‌وه‌ به‌زۆر لێكندراوه‌كانی عێراق ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان وه‌رنه‌گرن هه‌میشه‌ ئه‌م مێژووه‌ تاڵانه‌ دووباره‌ ئه‌بنه‌وه‌ ..
جه‌نگه‌كانی كه‌نداو له‌ كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو دیسانه‌وه‌ ده‌رگای شه‌ڕێكی نوێ و چه‌ن نه‌هامه‌تییه‌كی دیكه‌ی وه‌های واڵا كرد كه‌تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌م وولاته‌و ئه‌م ناوچه‌یه‌و به‌شێكی زۆر له‌ جیهان پێوه‌ی گیرۆده‌ بوونه‌ .. شه‌ڕی ئێستا گه‌وره‌ترین شه‌رو ره‌نگه‌ دواترین شه‌ر بێت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ،،ئه‌مجاره‌ كۆنه‌ داگیر كه‌ره‌كان هه‌موویان ئاماده‌ن و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌بیرو بۆچوونه‌ ماكیاژ كراوه‌كانیانه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌تن و رۆژانه‌ ئه‌كێشن به‌م گه‌لانه‌دا و شه‌ڵاڵی خوێنی ئه‌كه‌ن ..له‌هه‌موویان دیارترو زه‌ق تر پێشبڕكێی نێوان ئه‌مریكاو ئێرانه‌ له‌چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی رێكخراوی به‌ پلان دروستكراوی تیرۆریستی داعش كه‌ره‌نگه‌ له‌ كۆتاییدابه‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی وولاته‌كه‌ بشكێته‌وه‌ چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌م زل هێزانه‌چه‌ندین ڕێو شوێنی توندی ئه‌منی وسیاسی ده‌گرنه‌ به‌ر له‌ پێناو به‌ ده‌س هێنانی زۆر ترین ده‌سكه‌وت له‌سه‌ر خان و ژێر خانی ناوچه‌كه‌و عێراق .. هه‌رچی ئه‌مریكایه‌ به‌ناوی دیموكراتی و ئازادی گه‌لانه‌وه‌ هاتۆته‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌و سه‌رنجی دونیای بۆلای خۆی به‌وه‌ راكێشاوه‌ كه‌ ئه‌مان فریاد ره‌سی خه‌ڵكن له‌ده‌ستی تیرۆریست و له‌شكر كێشیه‌كانی ئێران .. به‌ڵام ئێران چی وه‌كو كۆنترین شارستانی له‌ناوچه‌كه‌و چی وه‌كو برا گه‌وره‌ی ووڵاتانی سنوره‌كه‌ خۆی به‌ له‌به‌ر تر ئه‌زانێ له‌چاو ئه‌مریكاو پیلانه‌ یه‌هودییه‌كه‌ی بۆیه‌ هه‌رگیز كۆڵی بۆ نادات ..ئێستا مل ملانێكان گه‌یشتوونه‌ته‌ لوتكه‌ی سه‌ختی و دژواری كه‌ ئه‌گه‌ر دبلۆماتكار و سیاسییه‌كان له‌سه‌ر دارشتنی نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ ناوچه‌كه‌ ریك نه‌كه‌ون ره‌نگه‌ پلانه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌چه‌كی ترسناك چاره‌سه‌ری بكه‌ن ..له‌ناو ئه‌م هه‌موو ئاڵۆسكاوییه‌دا كورد كه‌ هێشتا نازانێ له‌مبه‌ره‌ یان له‌و به‌ر پێویسته‌ به‌وریاییه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان هه‌ڵ بهێنێ چونكه‌ دیار نیه‌ له‌دوجاردا عێراق بۆ كێ ده‌بێت ..

Print Friendly, PDF & Email

کۆمێنت بنوسە

نوسینی کۆمێنت

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *