ئەردۆگان دیكتاتۆرێك لەبەرگی (سەدام)دا

ئەحمەد میرە

ئەردۆگان لەمێژووی هاوچەرخی توركیادا یەكێكە لەمەترسیدارترین سەرۆكەكانی ئەو وڵاتە بەرانبەر بەكورد، هەرچەندە ئەو سەرەتا بەكراسێكی نوێوە هاتە سەر شانۆی سیاسەت‌و بەئاسانییش توانیی نەیارە سیاسییەكانی خۆی كەنار بخات‌و پێگەی حیزبەكەی لەناو سیستمی سیاسیی توركیادا بەهێز بكات، لەبواری ئابوورییشدا بووژانەوە لەو وڵاتەدا بهێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەمانە هیچیان شەفاعەتكارنین بۆ دەسەڵاتی خراپی ئەو.
چونكە وردە وردە خەریكە كراسە نوێیەكەی فڕێدەدات‌و بەرگێكی كۆنی سوڵتانی لەبەر دەكات، بۆ ئەمەش هەوڵیداوە تەواوی ژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و كەلتوریی ئەو وڵاتە بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتانەكانی عوسمانی.
ئەو بارودۆخەی ئێستا لەتوركیادا دروستیكردووە سەلمێنەری ئەو راستییە سیاسییەیە كە ئەم پیاوە دەیەوێت لەچەند ساڵی داهاتوودا لەبەرگی دیكتاتۆرێكی گەورەدا دەربكەوێت، وەك هەندێك لەچاودێرانی سیاسی باسیدەكەن، جیاوازیی ئەو لەگەڵ سەدام حسێنی دیكتاتۆری پێشووی عێراقدا، تەنیا ئەوەیە بەئاشكرا نەگەیشتووەتە قۆناغی جینۆسیایدكردنی كوردو لەسێدارەدانی ئاشكرای نەیارە سیاسییەكانی، بەڵام لەتەواوی مومارەسەی سیاسەتكردنیدا هاوشێوەی دیكتاتۆرە مەترسیدارەكانی تری مێژوو كاردەكات، بەتایبەتی لەبواری ئازادیی رادەربڕین‌و میدیادا دەستی خستوووەتە بینەقاقای دیموكراسی لەو وڵاتەدا، بەجۆرێك رۆژنامەنوسەكان بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیردەكات‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بلۆك دەكات‌و نەیارە سیاسییەكانی لەپۆستەكانی دەوڵەت دووردەخاتەوەو لەرێگەی مەكینەی راگەیاندنەكەیەوە هەوڵدەدات هەموو ئەو گرووپ‌و پارتە سیاسییانەی نەیاری دەسەڵاتەكاننی وەك تیرۆریست‌و ناپاك بناسێنێت.
تیۆری بنەڕەتی لەمومارەسەی سیاسیی ئەردۆگاندا تیۆرێكی تەواو دابڕاوە لەمۆراڵی سیاسی‌و بەشێكە لەو تیۆرەی دەمێكە لەناوەندی سیستمە دیموكراتییەكاندا مۆدێلی بەسەرچووە، چونكە ئەو جۆرە تیۆرە رەچاوی هیچ بەهایەكی مرۆڤییانە ناكات‌و دەیەوێت هەموو ئەو رێگایانە بگرێتەبەر كە دەیگەیێننە ئامانجە تایبەتییەكانی خۆی، بۆنمونە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا كارتی دینداری‌و بێباوەڕیی بەرانبەر بەنەیارەكانی بەكاردەهێنێت، هەموو ئەوانەی لەسەنگەری نەیاری ئەودان بەكافرو بێباوەڕ لەقەڵەمدەدات‌و دەیەوێت لەم رێگەیەوە هەستی ئاینیی موسڵمانی توركیا بەگشتی‌و موسڵمانە كوردەكانی باكور بجوڵێنێت‌و بەكاریانبهێنێت بۆ خواستە تایبەتییەكانی خۆی، لەم پرۆسەیەشدا سڵ لەهیچ شتێك ناكاتەوەو بێپەروا هەموو دەرگاكانی دۆزەخ بۆ نەیارەكانی دەخاتە سەرپشت، تەنانەت لەناوخۆی حیزبەكەی خۆیشیدا رێگەنادات بە كەسایەتییەكانی تر دەربكەون‌و پێگەی سیاسییان بەهێزبكەن، ئەمەش یەكێكە لەو سیفەتانەی كە دیكتاتۆرەكانی مێژووی پێدەناسرێنەوە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەماوەی حكومداریی ئەودا هەرێمی كوردستان تووشی چەندین دەردەسەریی سیاسی‌و سەربازی‌و ئابووری بووەتەوە، وەك دەوترێت مۆتەكەی خراپی سەر جەستەی ئابووریی هەرێمی كوردستان بریتییە لەو پیلان‌و فێڵانەی حكومەتەكەی ئەردۆگان لەباشووری كوردستانی دەكات لەجیاتی ئەوەی هۆكاری بوژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان بێت، بەشێوەیەكی بەرچاو بووەتە پاڵنەری سەرەكیی داتەپینی ئابووری لەم هەرێمەداو خراپكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغداد.
ئەوەی جێگای نیگەرانییە، هەندێك لەكەسایەتی‌و سیاسەتمەدارو پارتی سیاسی لەباشووری كوردستان پشتیوانی بۆ ئەو پیاوە مەترسیدارە دەردەبڕن، كە هیچ گومانی تێدا نییە لەچەند ساڵی داهاتوودا دەبێتە دڕندەیەكی سیاسیی گەورەو پێدەچێت هەموو ئەزموونی هەرێمی كوردستان لوش بدات‌و بمانگێڕێتەوە بۆ خاڵی سفر.
بەتایبەتییش لەسەرو بەندی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیادا هەموو دەربڕینێكی هاوپشتی بۆ ئەردۆگان‌و پارتەكەی زیانی گەورە بە ئەزموونی سیاسیی كورد دەگەیێنێت لەباكورو دەچێتە خانەی ناپاكیی نیشتیمانییەوە، ئەگەر ئێمە لەباشووری كوردستان نەتوانین دیكتاتۆرە نوێیەكەی توركیا رابگرین، ئەوە خۆ دەتوانین لەرێی فشاری میللییەوە ئەو ئاراستە سیاسییە خراپە لەباشوور بوەستێنین كە دەیەوێت ئەردۆگان وەك فریشتەی خوداوەند وێنابكات.

Print Friendly, PDF & Email

کۆمێنت بنوسە

نوسینی کۆمێنت

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *