لەکاتی نەشتەرگەی منداڵبووندا، گورچیلەی دایکێک دەدزرێ

لە کۆتایی مانگی رابردوودا، لە شاری سلێمانی‌و لە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، دایکێک لە کاتی نانەوەی منداڵدا گورچیلەکەی لێ دەکرێتەوەو دەدزرێ. بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییە بەردەستەکان، دوای هۆشهاتنەوەی دایکەکەو هەستکردن بە ئازارێکی زۆر لە لاکەلەکەیدا، دواتریش ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، دەرکەوتووە کە گورچیلە چەپی دایکەکە دەرهێندراوە.

پاش زانینی ئەو راستییە، خێزانی دایکەکە سکاڵایان لە لایەن پۆلیسەوە لەسەر نەخۆشخانە ئەهلییەکە بەرز کردۆتەوە، دواتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لیژنەیەکی بەدواداچوونی بۆ ئەم کارەی دزینی ئەندامی جەستەی دایکەکە پێکهێناوە.

بەپێی زانیارییەکان، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم‌و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی‌و بە ئاگاداری پەرلەمانی کوردستان راستەوخۆ سەرپەرشتی بەدواداچوونی کاری ئەو لیژنەیە دەکەن کە پێکهاتووە لە دوو پزیشکی پسپۆر لە نەشتەرگەری‌و منداڵبوون.

شایانی باسە ئەگەر ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەی پزیشکە تایبەتمەندەکان بە ئەرێنی بوو، واتە سەلمێندرا کە گورچیلە دایکە دزراوە، ئەوا بۆی هەیە ببێتە هۆی دەرکردنی چەند رێنماییەکی توند لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و بە دووریش نازاندرێ کە چاوخشاندنەوە بە یاساو مۆڵەتەکاندا بکرێ‌و چاودیری‌و کۆنترؤلی زیاتریش بخرێتە سەر نەخۆشخانە ئەهلییەکان.

Print Friendly, PDF & Email

هاوڕێمان بە