رونكردنه‌وه‌ی ئاسایش له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی دوو نارنجۆك له‌ سلێمانی

له‌ باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی دوو نارنجۆك له‌شاری سلێمانی، ئه‌مڕۆ 17-2-2015، به‌ نوسراوی ژماره‌ 19، ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و تێیدا هاتووه‌ كه‌ هه‌موو رێوشوێنه‌ پێویسته‌كان گیراونه‌ته‌به‌رو زانیاری زیاتر بۆ هه‌موو لایه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

شه‌وی رابردوو له‌ كاتی جیادا له‌ هه‌ردوو شه‌قامی پیره‌مێر و ئیبراهیم پاشا، دوو نارنجۆكی ده‌ستی له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ فرێدراوه‌و دواتر ته‌قیونه‌ته‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ رووداوه‌كان ته‌نها زه‌ره‌ری مادی به‌دواوه‌ بووه‌.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌ی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی:
ئاگاداری هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ شه‌وی رِابردوو (16-17/2/2015 ) له‌ دوو رِووداوی جیاوازدا له‌ سه‌عات (10:05) ده‌قیقه‌ له‌ شه‌قامی پیره‌مێردو له‌ سه‌عات ( 10:10 ) ده‌قیقه‌ له‌ شه‌قامی ئیبراهیم پاشای شاری سلێمانی، و له‌به‌رده‌م دوو شوێنی چاپه‌مه‌نی بۆ رِیكلام له‌ ناوشاری سلێمانیدا، دوو نارنجۆكی ده‌ستی فرِێدراوه‌وه‌ له‌ئه‌نجامدا ته‌قیونه‌ته‌وه‌و زیانی مادی كه‌می هه‌بووه‌و هیچ زیانێكی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌، پاش رِووداوه‌كه‌ مه‌فره‌زه‌كانی ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان گه‌یشتنه‌ شوێنی رِووداوه‌كه‌و ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رِووداوه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد، هه‌موو رِێوشوێنه‌ پێویسته‌كان گیرایه‌به‌رو لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رِووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، له‌زانیاری زیاتر هه‌موو لایه‌كی لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.

Print Friendly, PDF & Email