نابینابووە؛ خاوەنی سێ کوڕە شەهیدی سەنگەرەو کەس ئاوڕی لێ ناداتەوە

حاجی شێخەی وەرتی، نیشتمانپەروەرێکی دێرین، دانەبڕاو لە هەردوو شۆرشی ئەیلول‌و شۆرشی نوێ، دۆستێکی نزیکی مام جەلال‌و د.فوئاد مەعسوم‌و نەوشیروان مستەفاو کۆسرەت رەسول‌و دەیان سەرکردەی دیکەی کوردستان. خاوەنی سێ کوڕی شەهیدە.

کوڕی یەکەمی مام حاجی شێخە ناوی مستەفا بوو، جێگری فەرماندەی کەرت بوو، ساڵی ١٩٨٥ لە زارگەڵی-پردەشاڵی شەهید بوو، کوڕی دووەمی مام حاجی شێخە ناوی قادر بوو، لەناو مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر شەهید بوو کە دەستەی یەکەمی پارێزەری د. فوئاد مەعسوم بوو، کوڕی سێیەمیشی فەرماندەی سریەو ناوی ئیدریس بوو کە ناسناوی هەڤاڵ کاوەی هەڵگرتبوو، لە ٢٠١٥ لە شەڕی داعش لە گەرمیان شەهید بوو.

مام حاجی جگە لەو سێ جوامێرە خاوەنی چەند کوڕو کچێکی دیکەی پەککەوتەیە، لە ماڵێکدا دەژی کە چاو بەرایی نادات تەماشای بکات. مام حاجی بە نابیناییەوە ژیانێکی پڕ لە ئازار بەڕێ دەکات، ژیانێکی تاریک، لە دۆخی جگەرسوتانی باوکێکی میهرەباندا. سەرباری هەموو ئەو دۆستە پلە باڵایانەی مام حاجی، وێرای پێشکەشکردنی سێ جوامێر بۆ شۆڕش‌و گەلی کوردستان، کەچی لە نابیناییدا بێ ناز کەوتووە، نە دۆستەکانی ئاوڕی لێ دەدەنەوە، نە هەوڵی چارەسەرکردنی چاوەکانیشی بۆ دەدەن.

لە سەردانێکی نیشان پرێس بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، مام حاجی ئاهێکی قوڵ، زۆر قوڵی هەڵمژی، نەیدەزانی باسی ئازارەکانی ناخی بکات، یاخود ئازارە جەستەییەکانی، نەیدەزانی باسی بێ وەفایی هەموو ئەو دۆست‌و برادەرانە بکات کە لە رۆژگاری شۆڕشی شاخ ماڵی مام حاجیان کردبووە قۆناغی گردبوونەو شوێنی حەوانەوە، نە باسی نائومێدییەکانی بکات لەو دۆخەی کە ئێستا کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت.

مام حاجی شێخە، وەک هەڵۆیەک بە ئومێدەوە گوتی: “رۆڵەی خۆم من کوڕەکانم بە حزبەکان نەبەخشیون، من کوڕەکانم کردنە قوربانی گەلێک کە لە تێکۆشانی بەردەوام دایە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی‌و سەروەری” هەروەک باسیشی لەوە کرد کە ئەو چاوی لە پارەو پوڵی دنیا نییە، بەڵکو حەزی دەکرد مەجلیسی دیوەخانە کۆنەکەی هەمیشە بە دۆستانی دوێنێ ئاوەدان بوایە، نەک پشتی تێ بکەن‌و ئیتر دەیان‌و سەدان مام حاجی دیکەی هاوشێوە ئەو لەبیر بکەن، وتیشی با ئەوانەی بە خۆیان دەنازن بزانن ئەوەی بەدەستهاتووە بەرهەمی خۆێنی شەهیدانی کوردستانە کە هەموویان جگەرگۆشەی خوێنی من بوون.

ئەگەر کەسێکی وەک مام حاجی شێخەی وەرتی لە وڵاتێکی ئەمەکدار بوایە بۆ تێکۆشەرانی خۆی، ئەوا پەیکەری مام حاجیان وەک سیمبولی بەرخودان‌و ئازایەتی‌و دانەبڕاوی لە خەباتی گەلێک لە دەروازەی زۆربەی شارەکانی بەرز دەکردەوە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە هەژاران خوێن دەڕێژن‌و ئەوانی تریش……

ئەگەر سەردانی ماڵی مام حاجی بکەیت کە لەباوەشی کوڕێکی دیکەیدا ژیان بەسەر دەبات، رەنگە شەرم داتبگرێ بچیتە ژوورەوە، چونکە دەبوایە ماڵی مام حاجی بەشێوەیەک بوایە کە ببێتە دیوەخانی تێکۆشەرانی ناوچەکەو لە هەموو بۆنەیەکدا لەوێدا کۆببنەوە، بەڵام…

Print Friendly, PDF & Email