ئه‌گه‌ر ״یه‌كێتی״ ئۆپۆزسیۆن بێت

هاوار مستەفا خان
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌ك «پارتی» ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن چی رووده‌دات؟ یه‌كێتی چی زیاد ده‌كات‌و چی له‌ده‌ست ده‌دات؟ حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ یه‌كێتی چی به‌سه‌ر دێت؟ به‌كورتی «یه‌كێتی» به‌بێ حوكمڕانی چی لێدێت؟ ده‌كه‌وێت؟ یان به‌و كه‌وتنه‌ی‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا تووشی هات ده‌توانێت له‌ئۆپۆزسیۆن بووندا خۆی رێكبخات‌و هه‌ستێته‌وه‌؟  ئه‌ی ئه‌گه‌ر دوور له‌ده‌سه‌ڵات ناكۆكی زیاتری تێكه‌وت‌و هه‌ندێك له‌وانه‌ی نه‌یانتوانی له‌هه‌وای ده‌سه‌ڵاتدارێتی بێنه‌ خوارو له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن بووندا هه‌ڵكه‌ن، چی رووده‌دات؟ گریمانه‌ی رووداوی به‌ئۆپۆزسیۆنی بوونی «یه‌كێتی» رووداوی میدیای حزبی‌و سێبه‌رو بن دیوار به‌كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟. چاوی تیژیان هه‌ر له‌سه‌ر یه‌كێتی ده‌بێت؟ بۆچی ده‌بێ زووم‌و فۆكسه‌كه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بێت به‌پله‌ی یه‌كه‌م؟ نیشانه‌ی كاریگه‌رێتی له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ی سیاسیی‌و سه‌ربازیی‌و ئابووریی‌و راگه‌یاندن؟ یاخود ده‌بێت گه‌له‌كۆمه‌كێ‌و پلانێك له‌ئارادابێت بۆ خستنی هێزێكی مێژووكردی كوردیی؟ ئه‌گه‌ر هه‌ركامێك له‌وانه‌ بێت كه‌ به‌شێوه‌ی پرسیار خستمه‌ڕوو، كه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌یان پرسیاری تر مابن بیانكه‌ین، خۆ ده‌بێت ئه‌و هێزه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتیش نه‌بێت، ئاوڕێكی دواوه‌ بداته‌وه‌و وه‌ڵامی ته‌ندروستیان بۆ بدۆزێته‌وه‌.
به‌چه‌ند پرسیارێكی تریشه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌م‌و ده‌ڵێم: كێ ده‌توانێت یارمه‌تیم بدات‌و ناوی یه‌ك تاكه‌ حزبم پێ بڵێت هه‌تاسه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتدا مابێته‌وه‌و نه‌كه‌وتبێت؟
رابه‌رو شۆڕشگێڕێكی سیاسییم بیربخه‌نه‌وه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌(٥٠ تا ١٠٠)ساڵ زیاتر به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌یه‌وه‌ مابێته‌وه‌؟ ره‌نگبێت هه‌بن بڵێن زۆرت وتووه‌ له‌وانه‌شه‌ هه‌بن بڵێن سه‌هوت فه‌رموو ده‌زانین مه‌به‌ستت چی‌و كێیه‌؟
له‌نێو پێغه‌مبه‌رانی خوداشدا چه‌ندن ئه‌وانه‌ی هه‌زار ساڵیان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه‌ كه‌چی هێشتا له‌ناوماندان؟ ئه‌وانه‌ی لێ ده‌ربكه‌ چ رابه‌رێكی ئایینی سیاسیی كۆمه‌ڵایه‌تیی هونه‌ریی وه‌رزشیی .. دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێداوه‌ له‌نێو نه‌وه‌ی نوێدا یان دوای «سێ چوار پشت» كاریگه‌رییه‌كه‌یان وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌‌؟
حزبی شیوعی یه‌كه‌م حزب بوو‌ له‌عیراق، له‌هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌زار حاڵ (١)كورسیان به‌ده‌ستهێنا، دیاره‌ له‌ ١٩٩٢ه‌وه‌ له‌ده‌وری ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌خولێنه‌وه‌. خۆ ده‌بێ شیوعییه‌كان له‌خۆیان بپرسن سه‌ركردایه‌تییه‌كی پۆشته‌و په‌رداخی وان چ به‌كورسی چ  له‌مه‌یدانی سیاسییدا بۆ له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵناكشێ؟
پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ته‌مه‌نترین حزبی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌كاتێكدا سه‌رتاپای ئه‌و هه‌رێمه‌ پارتی بوون‌و خاوه‌نی گه‌وره‌ترین شۆڕشی جه‌ماوه‌ریی‌و چه‌كداری بوون، له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دواییه‌ به‌هه‌موو توانای خۆی (٣٨) كورسیی هێناو یه‌كه‌می بێ ركابه‌ره‌و وا بۆ (٧7) مانگیش ده‌چێت حكومه‌تی «نیشتمانیی بنكه‌فراوان»ی پێ دروست ناكرێت.
خۆ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ته‌، باشتر وابوو دوای (١) مانگ حكومه‌ت له‌»په‌رله‌مان»سوێندی یاسایی بخواردبایه‌، ده‌ی ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی نییه‌»وه‌ك ئه‌وه‌ی مالیكی له‌خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تدا پێی له‌سه‌ر داده‌گرت»چییه‌؟
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌نزیكه‌ی (١٥) ساڵ ئۆپۆزسیۆن بوون، گه‌وره‌ترین سه‌روه‌ریی بۆ مێژووی خۆی‌و كوردستان تۆماركرد، له‌ناخۆشترین دۆخی سیاسیی خۆیدا به‌رامبه‌ر دڕنده‌ترین دیكتاتۆری جیهان وه‌ك چیا خۆی راگرت‌و ناوچه‌كه‌و به‌شێكی زۆری وڵاتانی جیهانیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان خوازیاربوون ئه‌وشۆڕشه‌ كۆتایی پێبێت.‌ كه‌چی له‌(٢٢)ساڵی ته‌مه‌نی حوكمڕانیدا (سه‌رباری ئه‌وه‌ی باشییه‌كانی زۆرتربوون له‌خراپیه‌كانی)، ئه‌ویش له‌دواهه‌مین هه‌ڵبژاردندا (١٨) كورسی هێناو له‌بری هه‌ڵكشان، داكشا.
یه‌كێتی دوو رێگه‌ی سه‌ره‌كیی له‌پێشدایه‌‌‌ كه‌ سێیه‌می قۆناغی دوای ده‌وڵه‌تی كوردییه‌و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و رێگه‌یه‌ ئۆتۆبان بێت كه‌ ئه‌ویش به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان هه‌ر ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ریگه‌ سه‌ره‌كیی‌و  لاوه‌كییه‌كان، روونتر»حزب» به‌ته‌نها بۆ باڵای ده‌سه‌ڵات دروست نه‌كراوه‌، ده‌شێ‌و ده‌بێ بشێ ئۆپۆزسیۆنیش بێت، ئه‌گه‌ر به‌یه‌كجاره‌كی تیانه‌چێت. كه‌واته‌ بۆ یه‌كێتی پاشه‌كشه‌و ونبوونه‌ ئه‌گه‌ر سوكانی ماشێنه‌كه‌ی به‌سه‌ر رێگا سه‌ره‌كییه‌كه‌دا ئاڕاسته‌ نه‌كات.
رێگه‌ی یه‌كه‌م: ئۆپۆزسیۆن بوون
ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ بكرێت ئایا هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان «كه‌ تا نووسینی ئه‌و وتاره‌ یه‌كێتی‌و پارتین» ده‌توانن له‌به‌رگی ئۆپۆزسیۆن بووندا درێژه‌ به‌خه‌بات بده‌ن؟ ئه‌و بژاره‌ هێنده‌ی له‌به‌رده‌م یه‌كێتیدا ئاماده‌كراوه‌ كه‌ هێزی سێیه‌مه‌، هێنده‌ بۆ پارتی گونجاو نییه‌.
رێگه‌ی دووه‌م: شه‌ریكایه‌تی راسته‌قینه‌
له‌و باوه‌ڕه‌دانیم  له‌و قۆناغه‌شدا «شه‌ریكایه‌تی راسته‌قینه‌» جێبگرێت، بۆیه‌ رێگه‌ی یه‌كه‌م بۆ یه‌كێتی به‌نزیكتر ده‌بینم‌و پێموایه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هێزێكی گه‌وره‌ی كوردستانی قه‌بووڵی بكات دوای (٢٢)ساڵ له‌حوكمڕانی ببێته‌وه‌‌ به‌ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنێك دوور له‌خه‌باتی چه‌كداری كه‌ سه‌ربه‌زانه‌ به‌سه‌ر گه‌وره‌ترین دیكتاتۆری ناوچه‌كه‌یدا تێیپه‌ڕاند ئه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتمانییه‌.
هیوادارم له‌و بۆچوونه‌مدا به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم‌.
لە کوردستانی نوێ وەرگیراوە
Print Friendly, PDF & Email

کۆمێنت بنوسە

نوسینی کۆمێنت

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *