جیهان بێ درۆكردن!!

شیرین. ك‌

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر فیلمێكی كۆمیدیم بینی به‌ناوی (داهێنانی درۆ) ، فیلمه‌كه‌ باسی زه‌مه‌نێك ده‌كات تیایدا سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی شتێكی نه‌زانیووه‌ ناوی درۆ بێت، به‌ڵام  مارك ناوێك كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی قۆز نییه‌ وكاره‌كه‌شی له‌ده‌ستداوه‌، ناتوانێ هیچ كچێك رازیبكات، كاتێك دایكی گیانده‌دات له‌له‌حزه‌یه‌كی بێئومێدیدا درۆ بۆ دایكی ده‌كات، سه‌ره‌تا خۆشی نازانێ ئه‌و شته‌ی كردی چییه‌ وناوی چییه‌ وپێی بێتاقه‌ت ده‌بێت به‌ڵام كه‌ ده‌بینێت، به‌و شته‌ دڵی به‌رامبه‌ره‌كانی خۆشده‌كات وژیانی خۆی وئه‌وانیتر خۆشتر ده‌بێت له‌سه‌ری ده‌ڕوات، هه‌رچه‌نده‌ فیلمه‌كه‌ پڕێتی له‌گرته‌ وبیرۆكه‌ی كۆمیدی وپێكه‌نیناوی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌موو له‌گه‌ڵ یه‌كدا راستگۆن،  تاڕاده‌ی برینداركردن وئازاردان وگاڵته‌پێكردن ورووقایمی، بۆیه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌مووكووڕیه‌كی جه‌سته‌یی یان عه‌قڵیان هه‌یه‌، شكستخواردوون، بێكارن، هه‌ر خه‌له‌لێكی تریان هه‌یه‌، رۆژانه‌ به‌ناوی راستگۆییه‌وه‌ سووكایه‌تیان پێده‌كرێت، ژیانیان ته‌نیایی ودۆزه‌خه‌، كه‌س دڵیان ناداته‌وه‌، موجامه‌له‌یان ناكات، قسه‌یه‌كی خۆش یان زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كیان بۆ ناكات، خه‌ڵكه‌كه‌  سه‌تحیانه‌ حوكم به‌سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌یاندا ده‌ده‌ن، هه‌موویش به‌ناوی راستگۆییه‌وه‌.
كه‌ له‌ته‌ماشاكردنی فیلمه‌كه‌ ده‌بیته‌وه‌ ده‌ڵێیت: سوپاس بۆ خوا شتێك هه‌یه‌ ناوی درۆیه‌، ژیان چه‌ند سه‌خت ده‌بوو بێ درۆكردن!! هه‌موومان رقمان له‌درۆ ودرۆزنه‌، به‌ڵام هه‌مووشمان كۆكین له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك درۆ كه‌ ژیانمان جوانترده‌كات، له‌فیلمه‌كه‌دا راستگۆیی گه‌لێك لایه‌نی ژیانی تاكه‌كان وكۆمه‌ڵگه‌كه‌شی رێكخستووه‌  وجوانیكردووه‌، ته‌نیا لایه‌نێك نه‌بێت كه‌ ئه‌ویش هه‌ست وسۆزه‌، هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت، بنه‌مای سۆز وخۆشه‌یستی، درۆكردنه‌، عاده‌ته‌ن وشه‌كانی موجامه‌له‌ ودڵدانه‌وه‌ وخۆشه‌ویستی وسێكس موباله‌غه‌ی تیایه‌ وبه‌شێكی زۆری درۆكردنه‌، ئه‌گه‌ر نه‌زانین درۆ بكه‌ین ناتوانین هه‌ست وسۆزمان به‌جوانترین شێوه‌ ده‌ربڕین، ژیانی مرۆڤ بێ درۆ كرچوكاڵ وبێتام ده‌ێت، به‌ڵام درۆ وه‌كو خوێ وایه‌ ئه‌گه‌ر زۆر بوو كوشنده‌ ده‌بێت!
لە کوردستانی نوێ وەرگیراوە
Print Friendly

کۆمێنت بنوسە

نوسینی کۆمێنت

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *