ڤیدیۆ؛ سۆران عومەر: دانپیانان‌و راگەیاندنەکەی ئاساییشی هەولێر سیناریۆیە

لەم گرتەیەکی ڤیدیۆیەدا کە لە پێگەی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (کۆمەڵ) لە چەند خاڵێکدا باس دەکات کە گرتن‌و دانیپیانانی گیراوەکەی کۆمەڵی ئیسلامی سیناریۆیە. لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، دەقی نوسینی سۆران عومەریش وەک خۆی بڵاو دەکەینەوە.

ئاشكراكردنی ناوه‌ڕۆكی سیناریۆی دانپیانان و ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر

ئا: سۆران عومه‌ر

ئه‌و ڕاگه‌یاندن و دانپیانانه‌ی كه‌ ئاسایشی هه‌ولێر بڵاویكردۆته‌وه‌ له‌م چه‌ند خاڵه‌دا ناڕاستی و گومان و پرسیاره‌كانی خراوه‌ته‌ ڕوو، به‌هیوای ئه‌وه‌ی ڕووداو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یان بێ تاكو حه‌قیقه‌تی ئه‌م سیناریۆ ئاشكرا ببێ و له‌په‌نای ئه‌واندا هه‌وڵی ناوزڕاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی نه‌درێ و نه‌بن به‌به‌شێك له‌و سیناریۆ و وێنه‌ی كامێراكانیان ئاشكرا بكه‌ن.
١) ڕاگه‌ێنراوه‌كه‌ی ئاسایش كه‌له‌ ٢٠١٦/٧/٣ له‌گه‌ڵ دانپیانانی ڕێبوار بڵاویكردۆته‌وه‌ ده‌نوسێ : به‌پێی دانپیانانه‌كانی كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاگه‌ێنراوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ به‌ماوه‌ی ١٥ ڕۆژ پێش مانگی ڕه‌مه‌زان له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیكیه‌وه‌ به‌ناوی “سه‌عدی مسته‌فا عه‌بدولڕه‌حمان داوای لێكراوه‌ كرده‌وه‌یه‌ك له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجام بدات”.
به‌ڵام به‌پێی دانپیانانی ڕێبوار ده‌ڵێ ” له‌ ١٥ی ڕه‌مه‌زان سه‌عدی په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و گوتی ده‌بێت كارێك له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجام بده‌ین”.
ته‌نها له‌م دانپیانان و ڕاگه‌یاندنه‌دا ٣٠ ڕۆژ جیاوازی هه‌یه‌، ئایا ١٥ی ڕه‌مه‌زانه‌ یان ١٥ ڕۆژ پێش ڕه‌مه‌زانه‌! ئه‌مه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و سیناریۆ دروستكراوه‌یه‌.
له‌هه‌مووی سه‌یرتر هیچ وێنه‌یه‌ك له‌وانه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وێنه‌ی كامێراكانی ڕووداو نین، ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وێنه‌ی دوو كامێرای سارده‌مه‌نی تاجه‌دینی به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌ كه‌زۆر دوره‌، له‌گه‌ڵ كامێرای ماڵانی چه‌ند كۆڵانێك كه‌هیچ به‌روارو چركه‌یه‌كی له‌سه‌ر نیه‌! بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی بپرسین ڕووداو كوا وێنه‌كانی تۆ؟ كوا وێنه‌ی كامێراكانت له‌ساتی ڕووداوه‌كه‌؟

٢) له‌پاش ئه‌م ڕووداوه‌ چه‌ندین كادیری پارتی و په‌یجی ئه‌و حزبه‌ بڵاویان كرده‌وه‌ ئه‌نجامده‌ری ئه‌و هێرشه‌ی سه‌ر ڕووداو ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامیان داوه‌، به‌ڵام دواتر بێده‌نگیان له‌مه‌ش كرد.

٣) له‌ ٢٠١٦/٦/٢٨ كه‌ناڵی ڕووداوو كوردستان ٢٤ بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ داعش ئه‌نجامده‌ری ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ و تویتێكی “وكاله‌ اعماق”ی داعشیان بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی داعشیان نه‌كرده‌وه‌و ئاسایش ڕایگه‌یاند گومانلێكراوێكیان كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌! ئێسته‌ ئه‌نجامده‌ره‌كه‌شیان وانیشانداوه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌!

٤) له‌م دانپیانانه‌دا ده‌ڵێ دواتر له‌ڕێگه‌ی بنه‌سڵاوه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ به‌رده‌م كه‌ناڵی ڕووداو، له‌وێ به‌ده‌وری فولكه‌كه‌دا گه‌ڕاین بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌كان ببینین و كامێراكان ببینین، سه‌ره‌تا به‌رده‌م ڕوودام فولكه‌ نیه‌، دوو سوڕانه‌وه‌ی لێیه‌، ئه‌گه‌ر وایه‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كاك سه‌عدی له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ براوه‌، وێنه‌كه‌ی به‌ فۆتۆ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، فه‌رموو ڕووداو كامێراكانت بڵاو بكه‌ره‌وه‌ بزانین ڕۆژی ٢٠١٦/٦/٢٣ ئه‌م ئۆتۆمبیله‌ به‌م ٣ كه‌سه‌وه‌ له‌وێ گه‌ڕاون به‌ده‌وری كه‌ناڵه‌كه‌تاندا تاكو شوێنه‌كه‌تان ببینن و كامێراكانتان ببینن.

٥) له‌هه‌مووی سه‌یرتر له‌م دانپیانانه‌دا ده‌ڵێ : گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵێ و ڕومانه‌كانم له‌ته‌نیشت حاویه‌ی زبڵ دانا، بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌وه‌ نه‌زانن و خێزانه‌كه‌م هه‌ستی پێ نه‌كات! سه‌ره‌تا پێویسته‌ بزانین ئه‌و حاویه‌ له‌كوێیه‌ ؟ له‌ كۆڵانه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌كۆڵانه‌ چۆن له‌ ڕۆژی ٢٣ی مانگ دوو ڕوومانه‌ له‌عه‌لاگه‌ له‌ ته‌نیشت حاویه‌ی زبڵ داده‌نرێ كه‌س نایبینێ! كه‌س ده‌ست له‌و حاویه‌ی زبڵ و عه‌لاگه‌ نادات! ئه‌گه‌ر حاویه‌ی وبڵه‌كه‌ش له‌ماڵه‌وه‌یه‌، ئایا خێزانی ئه‌م كه‌سه‌ تاكو شه‌وی ٢٤ی مانگ چۆن ئه‌م عه‌لاگه‌ی نه‌بینی به‌دوو ڕوومانه‌وه‌ له‌ته‌نیشت ئه‌م حاویه‌ی زبڵه‌ دانراوه‌؟ ئایا له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌وو دوو ڕۆژه‌دا چۆن ئه‌و عه‌لاگه‌ ڕوومانه‌ی نه‌بینی؟

٦) له‌دانپیانانه‌كه‌دا ده‌ڵێ بۆ شه‌وی ٢٤ی مانگ له‌ماڵه‌وه‌ بۆمبه‌كانم هه‌ڵگرت و له‌حه‌دیقه‌ی نێوان ڕووداوو سارده‌مه‌نی تاجه‌دین دانیشتم، سه‌ره‌تا نێوانی تاجه‌دین و ڕووداو حه‌دیقه‌ نیه‌، شه‌قامێكی دوو سایده‌، ئه‌گه‌ر حه‌دیقه‌ش له‌وێ هه‌بوبێ، ئایا حه‌دیقه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ چۆڵ بوو وه‌ك ئه‌م كه‌سه‌ ده‌ڵێ ” دانیشتم بۆمبه‌كانم له‌ناو عه‌لاگه‌كه‌ ده‌ركرد، جوان سالغیم لێداو پێچامه‌وه‌، دواتر گازم پێدا كردو حه‌لقه‌كه‌یم ڕاكێشاو خستمه‌ ناو عه‌لاگه‌كه‌و خستمه‌ ژێر سه‌یاره‌ی ڕووداو.”
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌، ئایا كه‌س له‌و حه‌دیقه‌ نه‌بوو ؟ چۆن نه‌بینرا؟ ئایا گازی له‌كوێ بوو؟ بۆ تائێره‌ باسی گازی نه‌كردووه‌؟ له‌كوێ په‌یدای كرد له‌چیدا بردی و پێی بوو؟ پاشان دوو ڕوومانه‌ ئه‌گه‌ر تیپی لێ بده‌یت و جوان بیانپێچیته‌وه‌ ئه‌ڵقه‌كه‌شی ده‌ركه‌ی و گازی پێدا بكه‌ی فڕێی بده‌یته‌ ژێر سه‌یاره‌كه‌ی ڕووداو به‌ ١٣ خوله‌ك ده‌ته‌قێته‌وه‌؟ ئه‌م تیپه‌ كه‌لێی داوه‌و جوان پێچاویه‌تیه‌وه‌ چۆن به‌ریداو لێ بوویه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕوومانانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بته‌قنه‌وه‌ ! ساڵی ٢٠١١ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ئه‌نجامدرا بۆ به‌نده‌، ڕومانه‌یه‌كیان خستوبووه‌ ناو ده‌به‌یه‌كی بڕاوی نه‌وت یان گازه‌وه‌و دوو لۆ تیپیان لێدابوو تاكو له‌ناو نه‌وت و گازه‌كه‌دا تیپه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌و ڕومانه‌كه‌ بنه‌قێته‌وه‌ به‌ڵام نه‌ته‌قیبویه‌وه‌و پێی زانرا كه‌چه‌ند كاتژمێرێك به‌سه‌ر دانانیدا تێپه‌ڕیبوو، بۆیه‌ ئه‌م سیناریۆ به‌م جۆره‌ی باسكراوه‌ گومانی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌.

٧) ئه‌م كه‌سه‌ گوایه‌ كه‌ عه‌لاگه‌ ڕومانه‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ڕووداو له‌لای دواوه‌ی ڕووی شه‌قامه‌كه‌ دایده‌نێ، به‌ڵام كه‌ده‌قێته‌وه‌ دووكه‌ڵ له‌لای ئه‌ودیوی ئۆتۆمبیله‌كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ كاره‌بای ناو پرسگه‌ی ڕووداو نامێنێ به‌ڵام كاره‌بای بیناكه‌ هه‌یه‌.

٨) ئه‌م دانپیانراوه‌ كاتێك نیشان ده‌درێ به‌درێژی چه‌ند كۆڵانێك هه‌ر ڕاده‌كات و ده‌ستی گرتووه‌ به‌چاویه‌وه‌! له‌كاتێكدا ئه‌و شوێنه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌و ترافیكێك ده‌ڕوات كه‌زۆرینه‌ی كات پۆلیسی لێیه‌! چۆن له‌وێدا ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ڕووبدا كه‌سێك به‌ڕاكردن و چاوگرتن هه‌ڵدێ! باشه‌ چۆن له‌به‌رده‌م كامێرای ئه‌و ماڵانه‌دا كه‌به‌روارو كاتی له‌سه‌ر نیه‌ چۆن زانیویه‌تی كامێرا هه‌یه‌و چاوی ده‌گرێ و ڕاده‌كات ؟ ئه‌شڵێ قه‌میسه‌كه‌م لاداو خستمه‌ ناو عه‌لاگه‌كه‌، له‌ژێره‌وه‌ تیشێرتم له‌به‌ر بوو، له‌كاتێكدا له‌بیری كردووه‌ كه‌ عه‌لاگه‌كه‌ی ڕوومانه‌كانی تێدا بووه‌و فڕێی داوه‌ته‌ ژێر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی ڕووداو!

بۆیه‌ ئه‌م دانپیانان و ڕاگه‌ێنراوه‌ی ئاسایش پڕه‌ له‌گومان و پرسیار، ڕووداو به‌شێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ ئاشكراكردنی پرسیارو گومانه‌كان و ئاشكركردنی حه‌قیقه‌تی ئه‌م ڕووداوو سیناریۆ.

Print Friendly