لە ئامارێکدا چارەسەری ٩٠٠ هەزار نەخۆش‌و بریندارو پێشوازی لە ٢٢٤١٩٨ نەخۆش کردووە

پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێم ئامارێکی دەزگای تەندروستی بۆ چالاکییەکانی ساڵی ٢٠١٥ بڵاو کردەوە کە ناوەرۆکەکەی بەمشێوەی خوارەوەیە:

به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌خۆوه‌ گرتووه‌، ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ گشت نه‌خۆشخانه‌ و به‌شه‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری و فریاكه‌وتنی خستۆته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ هه‌ندێ له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێم رۆژانه‌ سه‌دان هاوڵاتی بۆ چاره‌سه‌ری سه‌ردانی به‌شی فریاكه‌وتنی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن.

ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگیری وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌، ناوخۆ و شه‌هیدان‌ پێشوازی له‌ نه‌خۆش و برینداران ده‌كات.
له‌ ساڵی ٢٠١٥ ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ پێشوازی له‌ ٩٠٠ هه‌زار نه‌خۆش و بریندار كردووه‌ و خزمه‌تی ته‌ندروستییان پێشكه‌شكردووه‌ وزۆرترین سه‌رلێدان بۆ بواری راوێژكاری بووه‌ كه‌ پێشوازی له‌ (٢٢٤١٩٨) نه‌خۆشی كردووه‌. هەروەها له‌ به‌شی تاقیگه‌ی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٥، تاقیكردنه‌وه‌ بۆ‌ زیاتر له‌ ٢١٦ هه‌زار كه‌س ئه‌نجامدراوه‌.

ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٥ چاره‌سه‌ری ته‌واوی نه‌خۆشه‌ تایبه‌ت و گشتییه‌كانی بواری پزیشكی كردووه‌، وه‌ك راوێژكاری، نه‌خۆشی قاوش، نه‌شته‌رگه‌ری سه‌ر و گه‌وره‌، نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره‌، نه‌شته‌رگه‌ری بچووك، پشكنینی تاقیگه‌، هێڵكاری دڵ، ئه‌شعه‌ی دڵ، سۆنار، چاو،  ددان و تاقمی ددان، ته‌داوی و ده‌رزی لێدان، گه‌چ، كیسی خوێن، نه‌خۆشی قوڕگ و لوت و گوێ، تیشكی پێست، شوردنه‌وی گورچیله‌، گه‌ده‌ و ریخۆڵه‌، هێڵكاری گوێ، فه‌ریاكه‌وتن، لیزه‌ر، چاره‌سه‌ری سروشتی و چه‌ندین چاره‌سه‌ری تر.
هه‌روه‌ها به‌ سه‌دان نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره‌، ناوه‌ند بۆ هاوڵاتیان ئه‌نجامدراوه‌.

گۆڕینی جومگه‌ی ئه‌ژنۆ
له‌ ساڵی ٢٠١٥، (٢٢٦) نه‌شته‌رگه‌ری جومگه‌ی ئه‌ژنۆ ئه‌نجامدراوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی ٢٠١٤، (١٣٤) نه‌شته‌رگه‌ری جومگه‌ی ئه‌ژنۆ ئه‌نجامدراوه‌.

هه‌ناوبینی جومگه‌
له‌ ساڵی ٢٠١٥، (٣٦٧) هه‌ناوبینی ئه‌نجامدراوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی ٢٠١٤، (٢٠٠) هه‌ناوبینی جومگه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

ئاستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كان
نرخی نه‌شته‌رگه‌ری گۆڕینی جومگه‌ له‌ ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌زار دیناری عێراقییه‌، له‌ كاتێكدا له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تییه‌كان به‌ بیست ملیۆن دیناره‌.

درێژكردنه‌وه‌ی ده‌ست و پێ
له‌ ساڵی ٢٠١٥، (١٢٦) نه‌شته‌رگه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی ده‌ست و پێ ئه‌نجامدراوه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی پێشتر (٢٣) نه‌شته‌رگه‌ری بووه‌.

نه‌شته‌رگه‌ری فه‌قه‌رات
له‌ ساڵی ٢٠١٥، (٢٦٨) نه‌شته‌رگه‌ری بڕبڕه‌ی پشت ئه‌نجامدراوه‌، له‌كاتێكدا له‌ ساڵی ٢٠١٤، (١٦٦) نه‌شته‌رگه‌ری بووه‌.

نەشته‌رگه‌ری قه‌موری پشت (سكۆلیۆسز) منداڵپارێز
له‌ ساڵی ٢٠١٤، (٤٧) نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجامدراوه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٥، هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ر و به‌شی نوێ
سه‌نته‌ری پشكنینی شێرپه‌نجه‌ به‌ (هیستۆپاسۆلۆجی) ئامێری نوێ
سه‌نته‌ری MRI  به‌ ئامێری ٣ تێسلا.
سه‌نته‌ری فیكۆ (Faco) ئاوی سپی چاو
سه‌نته‌ری هه‌ناوبینی گه‌ده‌ و رێخۆڵه‌
سه‌نته‌ری چاودێری ورد

چالاكییه‌كانی له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
له‌ ساڵی ٢٠١٥، ژماره‌ی تیمه‌ پزیشكییه‌كان (١٢٤) تیم بووه‌، له‌كاتێكدا  له‌ ساڵی ٢٠١٤، ته‌نیا (٢٢) تیمی پزیشكی بووه‌.
له‌ ساڵی ٢٠١٥، (٣١٢) تیمی پزیشكی به‌ پسپۆری جیاواز سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕیان كردووه‌‌ و چاره‌سه‌رییان پێشكه‌ش كردووه.
(٨٦٢٧) ڤاكسه‌نی دژی نه‌خۆشی (گزاز) به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌كارهێنراوه‌

چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ( لیشمانیا):
چارسه‌ری بۆ (٥٦٨) پێشمه‌رگه‌ كراوه‌ دژی مشه‌خۆری (لیشمانیا) و هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك پێویسته‌ (١٠) جار چاره‌سه‌ری وه‌ربگرێت.

تیمه‌كانی كوتان له‌ ساڵی ٢٠١٥
ڤاكسینى‌ دژی په‌تای ئه‌نفلونزا و هه‌وكردنی جگه‌ر بۆ شه‌ش هه‌زار پێشمه‌رگه‌ و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ و هاوڵاتیان به‌كارهێنراوه‌.

ئەگەر چی بودجه‌ی ده‌زگا له‌ ساڵی ٢٠١٥ به‌به‌راود له‌گه‌ڵ ساڵی ٢٠١٤، (٣٠٪) كه‌م بۆته‌وه‌، بەڵام ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ تاكه‌ دامه‌زراوه‌ی پزیشكی سه‌ربازییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌ خزمه‌ت به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێم و كه‌سوكاریان و هه‌روه‌ها كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌كات.
ئەم دەزگایە خاوه‌نی ١٢ نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ری پزیشكی و تاقیگه‌ی پێشكه‌وتوو و چه‌ندین تیمی پزیشكییه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ و له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان (٤٢٥) ته‌ختی نه‌خۆشخانه‌ی هه‌یه‌.

Print Friendly