پارتی نیگەرانە؛ یەکڕیزی کورد لە بەغدا درزی تێکەوت

دوای ئەوەی وەفدێکی هاوبەشی یەکێتی‌و گۆڕان سەردانی بەغدای کرد، مشتومڕێکی سیاسی لەسەر یەکڕیزی کورد لە بەغدا دروست بووە. بەپێی هەواڵەکان، پارتی لە سەردانکردنی ئەو وەفدە هاوبەشە نیگەرانەو لای روون نییە گفتوگۆیان لەسەر چی کردووە لە گەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا.

لە لایەکی تریشەوە، سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی-گۆڕان باس لەوە دەکات کە ئەوان تەنیا بۆ باسکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنە هاوبەشەکەیان سەردانی باغدایان کردووەو هیچ شتێکی نیشتمانی کە لە دەرەوەی کۆدەنگی پارتە سیاسیەکانی بێت باس نەکراوە.

جگە لە پارتی، کۆمەڵی ئیسلامیش نیگەرانی خۆی لەو سەردانە نیشاندا، بەڵام بەپێی هەندێ زانیاری نیگەرانی کۆمەڵ تەنیا بەهۆی ئەوە بووە کە هەستی بە جۆرێک لە دابڕاندن کردووە لە بەغدا لە کاتێکدا کە جۆرێک لە هەماهەنگی لەسەر ئاستی کوردستان لە نێوان کۆمەڵ‌و یەکێتی-گۆڕاندا هەیە.

هەرچی یەکگرتووی ئیسلامییە، وەک هەڵوێستەکانی پێشووی بێلانی خۆی لەو سەردانە نیشاندا.

پارتی، بە تایبەتیش لە بە‌غدا، لە جموجۆڵی سیاسی یەکێتی-گۆڕان نیگەرانە، چونکە پێیوایە کە دەبێ ئەوان سەرقافڵەی هەر جۆرە پەیوەندییەک بن لەگەڵ حکومەتی فیدڕالی، بەڵام یەکێتی‌و گۆڕان (وەک زاندراوە) چیتر چاوەڕێی پارتی ناکەن‌و بە پێی زانیارییەکانی نیشان پرێس بە نیازن بازنەی رێککەوتنەکەیان فراوانتر بکەن، بە تایبەتیش دوای راگەیاندن فراکسیۆنی هاوبەش لە بەغدا کە بڕیارە دوای جەژن رابگەیەندرێ.

لەو هەڵوێستانەی ئێستای یەکێتی-گۆڕان، پیرمام توشی جۆرێک لە دۆشداماوی بۆتەوە، بەڵام سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی-گۆڕان پێیوایە کە ئیتر تۆپەکە کە گۆڕەپانی پارتیدایەو ئەوان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ باسکردنی سەرجەم ئەو پرسانەی قەیرانیان لەسەر دروست بووە، بەڵام پارتی بەهۆی ئەوەی کە پێشتر هەڵوێستێکی راگەیاندووە زۆر بە قورسی دەزانێ لێی پاشگەز بێتەوەو ترسی ئەوەی هەیە کاریگەری هەبێت لەسەر پانتایی جەماوەری خۆی.

ئێستا لە بەغدا کورد بۆتە دوو لەت‌و ئاراستەی جیاواز، ئاراستەیەک کە پێیوایە دەبێ هێشتا لەگەڵ بەغدا درێژەی پێ بدرێ، ئاراستەیەکیش پێیوایە کە ئێستا کاتی ریفراندۆمە کە پارتی بانگەشەی بۆ دەکات.

Print Friendly