رۆژمێری کۆچی‌و زایینی تێکناکەنەوە، ٤٣ ساڵ جیاوازییان هەیە، دەبێ کامەیان راست بێت؟

رۆژژمێری کۆچی، یاخود رۆژژمێری مانگ، ئەو رۆژژمێرەیە کە لەسەر دەستی خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب دامەزراوە. لەو رۆژژمێرەدا رۆژی کۆچکردنی پێغەمبەر (د.خ) لە مەککەوە بۆ مەدینە، واتە ساڵی (٦٢٢)ی زایینی کراوەتە ساڵی یەکەمی ئەو رۆژژمێرە.

هەرچەندە ئەو رۆژژمێرە لەسەردەمی ئیسلام دانراوە، بەڵام ناوی مانگەکانی قەمەری لەسەردەمی جاهیلییەتەوە بەکار دەهاتن.

ساڵی کۆچی لە (١٢) مانگ پێکدێ، واتە هەر ساڵیکی یەکسانە بە (٣٥٤) رۆژ. مانگەکانیش لە رۆژژمێری کۆچی (٢٩) یاخود (٣٠) رۆژە، ئەمەش وایکردووە کە جیاوازییەک لەگەڵ ساڵی زایینی هەبێت، واتە ساڵی لە دایکبوونی مەسیح پێغەمبەر (عیسی)، بۆیە هەرگیز ئەو دوو رۆژمێرە تێکناکەنەوە.

 مێژژوی رۆژژمێری کۆچی

لە رووی مێژووییەوە، ساڵی (٤١٢)ی زایینی، واتە پێش هاتنی پێغەمبەر بە (١٥٠) ساڵ، لە شاری مەککە سەرۆک عەشیرەتەکانی عەرەب کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ناوی مانگەکان بوو کە دەبوایە هەموو عەرەبەکانی نیمچەدورگەی عەرەبی لەسەری کۆدەنگ بونایە، چونکە ئەوان هەر تیرەو بەشێوەریەکی جیاواز ناوی مانگەکانی بەکار دەهێنا.

ئێستا لە ژماردن‌و بەراوردکردنی ساڵی کۆچی‌و ساڵی زایینی جیاوازییەکی زۆر بەدی دەکرێ، واتە ئەگەر ساڵی (٦٢٢)زایینی کۆی ساڵی (١٤٣٧)ی کۆچی بکەین کە ساڵی ئێستایە، ئەوا دەکاتە (٢٠٥٩)، ئەگەریش ئەو ژمارەیە واتە (٢٠٥٩) لە (٢٠١٦)ی ئێستا کەم بکەینەوە ئەوا جیاوازییەکە یەکسان دەبێت بە (٤٣) ساڵ، وەک ئەم هاوکێشەیە:

٦٢٢+١٤٣٧= ٢٠٥٩
٢٠٥٩-٢٠١٦= ٤٣ ساڵ جیاوازی

جیاوازی رۆژژمێری کۆچی‌و رۆژژمێری زایینی

رۆژژمێری کۆچی، لە بەر ئەوەی پشت بە سوڕانەوەی فەلەکیانەی مانگ دەبەستێ، بۆیە لەگەڵ ساڵی زایینی جیاوازی هەیە، بە شێوەیەک هەر (١٠٠) ساڵێک نزیکەی (٣) ساڵ جیاوازی هەیە.

موسڵمانان بۆ روونکردنەوەی ئەو جیاوازییە پشت بە ئایەتێک دەبەستن لە سورەتی کەهف لە قورئانئ پیرۆز کە دەفەرموێ (وَلَبِثُوا فِي كَهْفِهِمْ ثَلاثَ مِئَةٍ سِنِينَ وَازْدَادُوا تِسْعاً)، هەندێ لە موفەسیرەکانیش دەڵێن مەبەست لە سێ سەد ساڵی ناو ئایەتەکە ساڵی زایینییە، بەڵام نۆ ساڵەکەی تر مەبەستی جیاوازی ساڵی قەمەرییە.

مانگەکانی رۆژژمێری کۆچی بەمشێوەیە:
موحەڕرەم (محرم): کە مانگەکانی یەکەمی ساڵی کۆچین کە تێیدا پێش ئیسلام عەرەبەکان شەڕیان قەدەغە کردبوو.
سەفەر (صفر): ئەمەش بە واتای (دیار) یان خانەی عەرەب دێت کە بەهۆی شەڕەکانەوە بەتاڵ دەبوو، باسیش لەوە دەکرا کە لەو مانگانە عەرەبەکان پێش ئیسلام پەلامارە غەزەواتییەکانیان دەکرد.
رەبیعی یەکەم (ربيع الأول): ئەم مانگەیە کە لە بەهاردا هاتووە، بۆیە ناونراوە بەهار.
بەهار دووەم (ربيع الثاني): بۆیە ناونراوە چونکە بەدوای بەهار یەکەمدا دێت.
جەمادی یەکەم (جمادى الأولى): پێش ئیسلام جەمادی پێنجی پێ دەگوترا، بۆیەش ناونراوە جەمادی، چونکە کەوتۆتە زستان، کە سەردەمی بەستنی ئاو بووە.
جەمادی دوایی (جمادى الآخرة): یاخود جەمادی دووەم، بۆیە ناونراوە چونکە بەدوای جەمادی یەکەمدا دێت.
رەجەب (رجب): واتە قەدەغەکردن، بۆیەش وتراوە رەجەب، چونکە تیرەکان لە کەلان دێنە خوارو شەڕ ناکرێ، هەروەک دەوترێ رەجەب واتە وەستانی شەڕ، هەروەک واتای شکۆ و گەورەییش دەدات.
شەعبان (شعبان): واتە لێکجیابوونەوەی رەجەب‌و رەمەزان، باسیش لەوە دەکرێ کە کاتی خۆی عەرەبەکانی بۆ بەدواداگەڕانی ئاو لێکجیا دەبوونەوە، چونکە عەرەبیش لێکجیا دەبوونەوە بۆیە ناونراوە شەعبان.
رەمەزان (رمضان): واتە مانگی رۆژوو گرتن، بۆیەش ناونراوە چونکە کاتەکە لەوپەڕی گەرمی دابووەو رۆژ زۆر کاریگەر بووەو زۆر گەرما بووە، لە عەرەبیشدا دەگوترێ (رمضت الحجارة) واتە بەردەکە بەکاریگەری رۆژ گەرم بوو.
شەوال (شوال): کە جەژنی رەمەزانی تێدایە، ئەمەش بەواتای وشکبوونی حوشتر لە شیر، واتە شیری تێدا نەما.
ذولقعدە (ذو القعدة): واتە مانگی قەدەغەبوونی شەڕ، بۆیەش واناونراوە، چونکە تییدا دانیشتون، واتە لە گەڕە غەزەواتییەکانیان دانیشتون، کە تێیدا داوای هیچ شتێکیان نەکردووە، چونکە قەدەغەکراوە، وەک قەدەغەکردنی راو.
ذوالحجە (ذو الحجة): واتە کاتی حەجکردنهو جەژنی قوربان، ئەمەش بەو هۆیەوە ناونراوە چونکە عەرەب پیش ئیسلام دەچوونە حەج لەو مانگەدا.

هاوکێشەی رۆژژمێری کۆچی

ساڵی کۆچی بە (١١) رۆژ لە ساڵی زایینی کورتترە، لە قوئانی پیرۆزدا باسی مانگەکان دەکات کە (١٢) مانگە، وەک لە ئایەتی (٣٦) لە سورەتی تەوبە دەفەرموێ (إِنَّ عِدَّةَ الشُّهُورِ عِندَ اللَّهِ اثْنَا عَشَرَ شَهْرًا فِي كِتَابِ اللَّهِ يَوْمَ خَلَقَ السَّمَاوَات وَالأَرْضَ مِنْهَا أَرْبَعَةٌ حُرُمٌ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ).

بەپێی ئەم هاوکێشەیە جیاوازی نێوان سالی کۆچی‌و ساڵی زایینی کراوە:

رۆژژمێری کۆچی

H= کۆچی
C= زایینی

بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا جیاوازییەکە فەلەکییە، یاخود ئایینی؟ بۆچی مانگی رەمەزان هەر لە هاوین بووەو دواتر ساڵانە (١٠) رۆژ وەک مانگەکانی تر هێنراوە تەپێش؟ بۆچی رۆژژمێری کۆچی هەمان ناوی مانگەکانی عەرەبی بەکار هێناوەتەوە کە پێش ئیسلام بە سەدان ساڵ لەناو نەتەوەی عەرەب بەکار هاتووە؟ بۆچی ئەو رۆژژمێرە لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) یاخود خەلیفە ئەبوبەکر دانەنراوە؟

بۆچی دەبێ جیاوازی نێوان ساڵی کۆچی‌و ساڵی زایینی تا ئەمڕۆ (٤٣) ساڵی بێت لە کاتێکدا دەبوایە وەک هاوکێشەیەکی بیرکاری هەردووکیان تەریب‌و هاوسەنگ بوانایە؟

ئەم پرسیارانە پێویستە شارەزایانی فەلەکناسی‌و ئایین‌و موفەسیرە گەورەکان وەڵامیان بدەنەوە، چونکە بۆتە جێیناکۆکی زانایان لەرووی شیکاری ئەو جیاوازییەو هۆکاری تێکنەکردنەوەیان.

Print Friendly, PDF & Email