دوای جەژن گۆڕانکاری گەورە روودەدا؛ ئەگەری داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەت هەیە

لە (٢٠١٥/١٠/١٢) واتە (٩) مانگ‌و (٢٢) رۆژە پڕۆسی سیاسی لە کوردستان پەکی کەوتووە بەهۆی رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان د. یوسف محەمەد پڕۆسی سیاسی‌و پەرلەمانی پەکی خراوە.

پێداگیری‌ پارتی لەسەر نەگەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە لایەک‌و ملنەدانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گۆڕینی د. یوسف‌و پێشنیازکردنی کەسێکی دیکەی جێگرەوە، وایکردووە کاری پەرلەمان‌، لەو رێگەیەشەوە بەشێکی زۆری کاری حکومەت‌و سەرجەم پڕۆسەی سیاسی، بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمیشەوە، چەقببەستێ.

بەپێی زانیارییەکانی نیشان پرێس، پڕۆژەیەک لەبەر دەستە بۆ دەربازکردنی دۆخی چەبەستن‌و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی سەهۆڵبەندی نێوان پارتی‌و گۆڕان لەلایەن یەکێتی لە لایەک‌و یەکگرتووی ئیسلامی لە لایەکی ترەوە.

ئاماژەکان دەریدەخەن کە سەرقافڵەی ئەو گۆڕانکارییە رێکخەری گشتی گۆڕان نەوشیروان مستەفا بێت، چونکە لەوە دڵنیا بوونەتەوە (وەک خۆیان دەڵێن) کە ئەو دەرمارگیرییە سیاسییەی پارتی رێگرە لە هێورکردنەوەی دۆخەکەو چالاککردنەوەی سەرجەم پڕۆسە فەرمانڕەواییەکەی کوردستان، هەر بۆیە پاشهاتی رووداوەکان دەریدەخەن، دوای جەژن، نەوشیروان مستەفا دەستپیشکارییەک بکات‌، هەندێ لە چاودێران پێیانوایە کە دەستپێشکارییەکەی نەوشیروان مستەفا دووبارە کردنەوەی ئەزمونی تاڵەبانییەو لەوانەیە خۆی سەردانی سەری ڕەش بکات‌و لەگەڵ بارزانی، لە دانیشتنێکدا، تێکڕای بەستەڵەکەک بتاوێنێتەوە.

هەندێ لە سەرچاوە ئاگادارەکان پێیانوایە کە ئەو سەردانە کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا دێنێ، لەوانەش کاراکردنەوەی پەرلەمان‌و سەرلەنوێ دارشتنەوەی پەیکەری حکومەتی هەرێم، بە شێوەیەک پۆستەکان جارێکی تر دابەش دەکرێنەوەو وەک قەرەبووکردنەوەی دەستپیشکاری گۆڕانیش، پارتی ئامادە دەبێت جێگرێک بۆ سەرۆکی حکومەت، هاوشانی قوباد تاڵەبانی جێگری ئێستا سەرۆکی حکومەت، بداتە بزوتنەوەی گۆڕان.

هەروەک ئاماژەکان دەریدەخەن کە هەندێ لە وەزارەت‌و فەرمانگەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

لەو هەنگاوانە، پرسیاری ئەوە دەکرێ ئاخۆ نەوشیروان مستەفا ئەو سەردان‌و دەستپیشکارییانە وەک رێکخەری گۆڕان ئەنجام دەدا، یاخود وەک سەرۆکی سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی-گۆڕان لە چوارچێوەی رێککەوتنە سیاسییەکەیان.

هەندێ لە سەرچاوەی ئاگادار باس لەوە دەکەن کە نەوشیروان مستەفا، هەر دانوستانێکی راستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ، بەبێ ئاگاداری یەکێتی ئەنجام نادات، بۆ ئەم هەنگاوانەشی چەند کەسێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی یاوەری دەبن.

بەپێی هەڵوێستە ئاشکراو فەرمییەکانی ئێستا پارتی، تا ئیستا هیچ ئامادەکارییەک لە پیرمامەوە رانەگەیەندراوە کە پێشوازی لە هەر دەستپیشکارییەکی نەوشیروان مستەفا بکرێ، بەڵام هەندێ سەرچاوەی ئاگادار باسیان لەوە کردووە کە پارتی چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات بۆ ئەوەی حزبەکەی لەو قەیرانە دەرباز بکات، بۆیە هەر لە ئێستاوە ئەگەر هیچ جوڵەیەکی سیاسیش نەبێ، بۆی هەیە پارتی بەدەنگ پێشنیازەکانی یەکێتی‌و گۆڕانەوە بچن، بە تایبەتیش کە هەندێ گۆڕانکاری سەربازی لەسەرزەمینی کوردستان‌و عیراق روودەدات‌و وەک زاندراویشە ئەمریکییەکانیش لەو دۆخەوی ئێستا کوردستان زۆر نیگەرانن‌و داوا دەکەن بە زووترین کات دەرچەیەکی بۆ بدۆزرێتەوەو سیستەم‌و پڕۆسەی پەرلەمانی کارا بکرێتەوە.

Print Friendly